وەزیرى بازرگانى عێراق رایدەگەیەنێت کە حکومەت نزیکەى چوار ملیۆن تەن گەنمى ناوخۆیى لە جوتیاران دەکڕێتەوە، ئەوەش بەشى پێداویستیەکانى وڵات دەکات.
محەمەد هاشم عانى، وەزیرى بازرگانى عێراق لەبارەى پرۆسەى وەرگرتنى گەنمى جوتیارانەوە کە ئێستا بەڕێوەدەچێت، لەبەیاننامەیەکدا رایگەیاند؛ بەراورد بە ساڵانى رابردو، ئەمساڵ بەرهەمى گەنمى جوتیاران لە هەمو ساڵەکان زیاترە و دەگاتە ئاستى پڕکردنەوەى پێداویتسیەکان.
ئاماژەى بەوەشکردوە کە نزیکەى چوار ملیۆن تەن گەنمى ناوخۆ لە جوتیاران وەردەگرنەوە.
ئەوە لەکاتێکدایە هێشتا پرۆسەى وەرگرتنى گەنمى جوتیاران کۆتایى نەهاتوە و پێشتر و لە مانگى ناوەڕاستى مانگى نیساندا هاشم عانى رایگەیاند کە ئەمساڵ دواى (72) سەعات لە وەرگرتنى گەنمى جوتیاران شایستە داراییەکانیان پێدەدرێت، بەڵام وەرگرتنى پرۆسەى گەنم لە جوتیارانى هەرێم ناڕەزایەتى لێکەوتوەتەوە بەوەى سەربارى شایستە داراییەکانى سێ ساڵى جوتیاران خەرج نەکراوە، ئەمساڵ سەربارى زۆریى بەرهەمى ناوخۆى جوتیارانى هەرێم، بەغدا تەنها (340) هەزار تەنیان لێوەردەگرێت و بەوپێیە نیوەى گەنمى بەرهەمهاتوى جوتیاران دەمێنێتەوە.
لەو بارەیەوە پێشتر شاڵاو جەمال، بەڕێوەبەرى گشتى کشتوکاڵى سلێمانى راگەیاند؛ بەهۆى بڕیارى ناوەندەوە، نیوەى گەنمى بەرهەمهاتوى جوتیارانى هەرێم دەمێنێتەوە و بەناچارى بە بازرگانان دەفرۆشرێتەوە و وتیشى: “پێویستە لەسەر ئاستى باڵاى هەرێم ئەو گرفتە لەگەڵ ناوەند چارەسەر و بنبڕ بکرێت و کابینەى نوێى حکومەتیش گرنگى زیاتر بە کەرتى کشتوکاڵ بدات”.