گەنجێكی شاری سلێمانی لە بواری دروستكردنی رۆبۆتی جۆراوجۆردا داهێنان دەكات

بەختیار جەزا محێدین گەنجێكی تەمەن 27 ساڵانی دانیشتووی شاری سلێمانی-یە، ئەو دەرچووی زانكۆ بەشی ژمێریارییە، بەڵام لەئێستادا بە هۆی دانەمەزراندنییەوە كاری رۆنگۆڕی ئۆتۆمۆبێل دەكات.

بەختیار جەزا لە بواری ئامێرە ئەلیكترۆنییەكان و دروستكردنی رۆبۆتدا شارەزایی باشی هەیە و تا ئێستا چەندین رۆبۆت و داهێنانی كردووە. 

ئەو لە بارەی سەرەتای دەستكردن بە كاری دروستكردنی رۆبۆت وتی:”لە ساڵی 2007 وەك حەز و خولیایەكی خۆم دەستم دایە كاری داهێنان، سەرەتاش بوكەڵەیەكم دروستكرد كە وەك بوكە شووشەیەك دەیتوانی سەما بكات، دواتر دوای بینینی منداڵێكی ژاپۆنی كە باسی هیوا و خولیای خۆی كرد بەوەی لە داهاتوودا بتوانێت گەورەترین رۆبۆت دروست بكات، قسەی ئەو منداڵە بووە هاندەر و بنەمایەك بۆ من كە بۆچی ئێمەش بەو شێوەیە كارنەكەین و پێش نەكەوین، ئەوەش وای كرد لە ساڵی 2011 توانیم گەورەترین رۆبۆت دروست بكەم كە بەرزی دوو مەتر و 40 سانتیمەتر بوو، ئەو رۆبۆتەم لە پێشانگایەكدا لە سلێمانی نمایش كرد كە توانای رۆشتن و قسەكردنیشی هەبوو”. 

بەختیار بەردەوام بووە لە پەرەپێدانی كارەكانی و لە شەڕی داعشدا بیری لە دروستكردنی رۆبۆتێكی جەنگی كردووەتەوە، سەرەتاش رۆبۆتێكی دروستكردووە كە لە رێگەی وایەرەوە كۆنترۆڵكراوە و توانای تەقەكردنی هەبووە، دواتر پەرەی بە رۆبۆتەكە داوە و رۆبۆتێكی نوێی دروستكردووە كە بە كۆنترۆڵ توانراوە كاری پێ بكرێت و هەموو جۆرە چەكێكی لەسەر ببەسترێت و توانای تەقەكردن و سوڕانەوەی بە چواردەوری خۆیدا هەیە، هەروەها لە رێگەی كامێرایەكەوە ئاگادار دەبێتەوە لە جووڵەی هەرشتێك لە نزیك رۆبۆتەكەوە كە خوێن لە جەستەی بێت.

لەئێستاشدا بەختیار دوو كاری نوێی ئەنجامداوە لە دروستكردنی ئامێرێكی تایبەت بە كۆنترۆڵكردنی ئاگركەوتنەوە لە بەنزینخانە و شوێنەكانی تردا و لە ماوەیەكی كەمدا ئاگرەكە كۆنترۆڵ دەكات، هەروەها چاككردن و لێخوڕینی ئۆتۆمبێل بەبێ‌ شۆفێر و لە رێگەی كۆنترۆڵەوە. 

بەختیار لە دروستكردنی هەر رۆبۆتێكدا پێویستی بە 500 تا هەزار و 500 دۆلار هەیە و ئەو ئامێرانەی بۆ ئەو مەبەستە بەكاریان دەهێنێت لە ئامێری تری كاركردووەوە وەریان دەگرێت و جارێكی تر بەكاریان دەهێنێتەوە. 

ئەو نیگەرانە لەوەی لە هەرێمی كوردستان بە شێوەیەكی گونجاو رێز لە داهێنانكاران ناگیرێت و بە هۆی نەبوونی پشتیوانی لە لایەن حكوومەت و لایەنە پەیوەندیدارەكانەوە ناتوانن زیاتر پەرە بە كارەكانیان بدەن و داهێنانی گەورە بكەن لەو بوارەدا.