بڕیاری قەدەغەی ھاوردەکردنی ئۆتۆمبێلی لێدراو نیگەرانی لێکەوتووەتەوە

بڕیارەکەی وەزارەتی ناوخۆ بۆ قەدەغەکردن و ھاوردەکردنی ئۆتۆمبێلی ژێرئاوکەتوو، لێدراو و چاککراو، نیگەرانیی خاوەن پێشەنگاکان و ئەوانەی کە کڕین و فرۆشتنی ئەو ئۆتۆمبێلانە دەکەن لێکەوتەوە. 

ئەمڕۆ رۆژی چوارشەممە، ژمارەیەک خاوەن پێشانگای ئۆتۆمبێل لە ھەولێر گردبوونەوەیەکی ناڕەزاییان رێکخست و داوایان لە حکومەتی ھەرێم و وەزارەتی ناوخۆ کرد، دوو مانگی دیکە مۆڵەتەکە لەسەر قەدەغەکردنی ئەو ئۆتۆمبێلانە، درێژبکاتەوە، چونکە بەھۆی ئەو بڕیارەوە، سەرباری زیانی ماددی، تووشی کێشەی کۆمەڵایەتیش بوونەتەوە.

کردار ئیسماعیل کە بازرگانی ئۆتۆمبێلە لە گردبوونەوەکەدا پەیامی ناڕەزایەتییەکەی خوێندەوە کە تیایدا راگەیەندرابوو: زەرەر و زیانێکی زۆرمان پێگەیشتووە و تووشی کێشەی کۆمەڵایەتی بووینەتەوە، چونکە بە ھیچ شێوەیەک ئۆتۆمبێل بە دوو مانگ ناگاتە ھەرێمی کوردستان بەڵکو بۆ گەیشتنی ھەر ئۆتۆمبێلێک کە لە ئیمارات یان ئەمریکا کڕابێت، نزیکەی 6 مانگی پێدەچێت ھەتا دەگاتە ناوخۆی ھەرێم.

ئالان حاتەم خاوەنی پێشەنگای ئۆتۆمبێلە لە لێدوانێکیدا بۆ میدیاکان داوای لە حکومەتی ھەرێمی کوردستان کرد دوو مانگی تر مۆڵەتیان بداتێ بۆ ئەوەی ئۆتۆمبێلەکانیان ھاوردەی ناو ھەرێم بکەن.

وەزارەتی ناوخۆی ھەرێمی کوردستان بڕیارێکی دەرکردووە لەبارەی قەدەغەکردنی ھاوردەکردنی ئۆتۆمبێلی لێدراو و چاککرا و ژێرئاوکەوتوو، بڕیارەکەش لە مانگی تەمووزەوە دەکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە و نیگەرانیی خاوەن پێشانگاکانی ئۆتۆمبێل و بازرگانانی لێکەوتووەتەوە.