دواجار دوای ئهوهی وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی ھەرێمی كوردستان بڕیاری قەدەخەكردنی ھاوردەكردنی ئۆتۆمبێلی لێدراو و ژێرئاوكەوتووی بۆ بازاڕەكانی ھەرێم دەركرد، ئەمڕۆ لەسەرجەم دەروازە سنورییەكان بڕیارەكە كەوتە بواری جێبەجێكردنەوە.
شاخەوان بەكر، بەڕێوەبەری كۆمەڵگەی گومرگی باشماخ راگەیاند: “لە كاتژمێر 12ی شەوی رابردووەوە بڕیاری قەدەخەكردنی ھاوردەكردنی ئۆتۆمبێلی لێدرا و ژێرئاو كەوتوو لەسەرجەم دەروازە سنوورییەكان كەوتووەتە واری جێبەجێكردنەوە”. وەكو میدیكانی نزیك لەپارتی بڵاویانكردووەتەوە.
ئاماژەی بەوەشكردووە، “دوای ئەوەی بڕیارەكە لەلایەن وەزارەتی ناوخۆ دەرچوو، دوو مانگ وەك مۆڵەت درایە بازرگان و ھاووڵاتیان، بۆ ئەوەی ئەوانەی ئۆتۆمبێلیان كڕیوە بیگەیەننە شوێنی مەبەست”.
بەڕێوەبەری كۆمەڵگەی گومرگی باشماخ باسی لەوەشكردوە، “دوای جێبەجێكردنی ئەو بڕیارە ھەر ئۆتۆمبێلێك لە دەروازەكان بێتە ناو ھەرێمی كوردستان و كێشەی ھەبێت، رێكاری یاسایی بەرامبەر دەگیرێتەبەر”.