گروپی ژینگە دۆستی پێشنیاری نوێ لەبارەی پاراستنی ژینگە دەخەنەبەردەستی حكومەت و پشتگیریش بۆ كاری لیژنەكانی قائیمقامیەتی سلێمانی لەبارەی پاراستنی ژینگەوە دەخەنەڕوو.
ئەمڕۆ 30-6-2019 گروپی ژینگە دۆستی سەردانی قائیمقامیەتی سلێمانییان كرد و لەگەڵ ئاوات محەمەد- قائیمقامی سلێمانی كۆبووەو گفتوگۆیانكرد لەبارەی ئامانج و كارەكانی گروپی ژینگەدۆستی و لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەت لە بارەی پاراستنی ژینگە و بڵاوكردنەوەی هۆشیاری كرا.
قائیمقامی سلێمانی رایگەیاند: پاراستنی ژینگە یەكێك بووە لە ئامانجە سەرەكییەكانمان و بەو پێیەش كە (30%)ی پیشەسازی عیراق لە سنوری پارێزگای سلێمانیدایە لیژنەی تایبەت بە پاراستنی ژینگەمان هەیە كە رێگری لە پیسبونی ژینگە دەكات، ئەمە سەرەڕای ئەوەی لە ماوەی رابردوودا چەند بڕیارێكی گرنگمان لە بەرژەوەندی تەندروستی هاوڵاتیان دەركردووە و هۆكاری سەرەكین بۆ پاراستنی ژینگە، لەوانە قەدەغەكردنی سەتڵی رەنگاوڕەنگ بۆ ماست و شیرەمەنییاكان و بڕیاری بەكارهێنانی زەرفی كاغەز لەبری زەرفی نایلۆن لە نانەواخانەو سەمونخانەكان، لەگەڵ ئەوەشدا بڕیاری قەدەغەكردنی بڵندگۆ(مكەبەرە) لەلایەن دوكان و دەستگێڕەكانەوە دەركراوە و جێبەجێ دەكرێت.
قائیمقامی سلێمانی پشتگیری خۆیشی بۆ پرۆژەی ژینگە دۆستی نیشاندا كە نزیكەی چوار هەفتەیە لەلایەن ژمارەیەك پزیشك و ژینگە دۆستەوە راگەیەنراوە و توانیویانە شوێندەستی خۆیان دیاری بكەن و هۆشیاری بدەنە هاووڵاتیان.
د. ئاوەنیا ئارام پزیشكی گشتی و بەڕێوبەری پرۆژەی ژینگە دۆستی رایگەیاند: پرۆژەكەی ئێمەو لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەتی سلێمانی یەك ئامانجی هەیە و دەمانەوێت رۆڵمان هەبێت لە پاراستنی تەندروستی و ژینگەی هاووڵاتیان و ناوچەكەمان، قائیمقامی سلێمانیش پشتگیری بۆ كارەكانمان دەربڕی و لیژنە هاوبەشەكانی راسپارد هەماهەنگی زیاترمان هەبێت و خۆشبەختانە كە سەرەڕای تەئكیدكردنەوە لە بڕیارەكانی پێشتر، بڕیاردرا لە قۆناغی یەكەمدا لە چێشتخانە و رێستۆرانتەكاندا سەتڵی تایبەت بە مادە پلاستیكییەكان دابنرێن و پاشمانەی پلاستییكییەكان تێكەڵی ماددەو خۆراكەكانی ترنەكرێن، لەهەمان كاتدا لە تەواوی نانەواخانەكاندا لەبری زەرفی نایلۆن زەرفی كاغەز بەكاربهێنرێت لە تێچووەكەی هەمان تێچووی زەرفە نایلۆنەكەیەو لەرووی ژینگەیشەوە دروسترە.