ڤلادیمیر پوتین، سەرۆکی رووسیا رایگەیاند لەگەڵ سعوودیە رێککەوتوون کەوا رێککەوتنی کەمکردنەوەی ئاستی بەرھەمھێنانی نەوت لە نێوان شەش بۆ نۆ مانگ درێژ بکەنەوە.
لە پەراوێزی لووتکەی جی-٢٠ دا، ڤلادیمیر پوتین بۆ رۆژنامەوانان دوا و وتی، “ماوەی درێژکردنەوەی رێککەوتنەکە لە نێوان شەش بۆ نۆ مانگ دەبێت”.
چاوەڕوان دەکرێت لە سەرەتای مانگی داھاتوودا رێکخراوی ئۆپێک و بەرھەمھێنەرانی سەربەخۆ بەڕابەرایەتی رووسیا لە ڤیەننا کۆببنەوە و تیادا بڕیار لەسەر درێژکردنەوە یان درێژنەکردنەوەی رێککەوتنی کەمکردنەوەی ئاستی بەرھەمھێنان دەدەن.
لە سەرەتای ئەمساڵدا، وڵاتانی ئەندام لە رێکخراوی ئۆپێک و بەرھەمھێنەرانی سەربەخۆ بەڕابەرایەتی رووسیا گەیشتن بە رێککەوتنێک بۆ کەمکردنەوەی ئاستی بەرھەمھێنان بە بڕی یەک ملیۆن و ٢٠٠ ھەزار بەرمیل لە رۆژێکدا بۆ ماوەی شەش مانگ.
ھاوکات لەگەڵ ئەوەی ئەو رێککەوتنە درێژەی ھەیە، بەڵام ھێشتا بازاڕەکانی نەوت لەرووی نرخەوە ناسەقامگیرە و لە ئێستادا ھەر بەرمیلێکی خاوی برێنت لە دەورووبەری ٦٥ دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت.