بە رێژەیەكی بەرچاو نرخی نەوت دابەزی


هەفتەبازاڕی بۆرسە كۆتایی هات هەرچەندە لە ماوەی هەفتەكەدا رەوتی نرخ رووی لە هەڵكشان بوو، بەڵام لە دواین رۆژی هەفتەكە بە رێژەیەكی بەرچاو لە نرخی نەوت دابەزی.

سەرەتای هەفتەی رابردووی بازاڕی بۆرسە نرخی هەر بەرمیلێك لە نەوتی برێنت بە 64 دۆلار و 65سەنت دەفرۆشرا. تا دوێنێ بەیانی نرخی نەوت بەرەو 66 دۆلار و 55 سەنت هەڵكشا، بەڵام رووی لە دابەزین كرد و بۆ نزمترین ئاستی لە ماوەی هەفتەكەدا كەم بووەوە و دواجار نرخەكەی بە 64 دۆلار و 40  سەنت داخرا.

بەگوێرەی DAILYFX نرخی نەوتی ئەمەریكی یان تەكساس هەرچەندە لە دوایین رۆژی بازاڕەكە بە رێژەیەكی بەرچاو لە نرخەكەی دابەزی، بەڵام چارتی هەفتانەی نرخەكەی بە رەنگی سەوز داخرا و بەراورد بە هەفتەیەك پێشتر نزیكەی نیو دەۆلار لە نرخەكەی بەرز بووەوە.

بێ دەرەنجامبوونی دانیشتنەكانی گرووپی 20 بە گرنگترین هۆكاری دابەزینی نرخی نەوت هەژمار دەكرێت. ئۆمێد هەبوو رێبەرانی وڵاتانی زلهیزی ئابووری لەو كۆبوونەوەیە لە یەكتر نزیك بكەونەوە و كێشە ئابوورییەكانیان چارەسەر بكەن، بەڵام هێشتا هیچ ئاسۆیەك بۆ چارەسەریی كێشە ئابوورییەكان بە تایبەتی كۆتاهێنان بە جەنگی ئابووری نێوان ئەمەریكا و چین بەدی  ناكرێت.

یەكێكی تر لە گرنگترین هۆكارەكان بۆ هەڵویستی ئەوروپییەكان دەگەڕێتەوە كە بە پێچەوانەی سزاكانی ئەمەریكا، كەناڵیكی نوێی پێوەندیی داراییان لەگەڵ ئێران كردەوە.