رێباز حەملان، وەزیری كشتوكاڵو سەرچاوەكانی ئاو بەوەكالەت سێ بڕیاری لەبارەی رێكخستنی بازاڕو نرخی هێلكە دەكردو رایگەیاند، پێویستە لیژنەیەكی تایبەت بۆ یەكخستنی رێنمایەكانی هاوردەكردنی هێلكە سەردانی بەغدا بكات.
بەگوێرەی بڕیارەكانیش كە لەبارەی رێكخستنی بازاڕ و نرخی هێلكە دەركراون، یەكەم كۆبوونەوەیەكی فراوان بكرێت لەنێوان وەزارەتو پارێزگاو خاوەن كێڵگەكانی پەلەوەر بۆ تاوتوێكردنی بەرهەمی هێلكەو رێكخستنی بازاڕو دابینكردنی پێداویستی خاوەن كێڵگەكان و دیاریكردنی نرخی هێلكە.
دووەم: پێكهێنانی لیژنەیەكی تایبەت لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی سامانی ئاژەڵو ڤێتەرنەری بەمەبەستی سەردانی وەزارەتی كشتوكاڵی عێراق بۆ یەكخستنی رێنماییەكانی هاوردەكردنی هێلكە، بەڕەچاوكردنی پاراستنو پەرەپێدانی بەرهەمی ناوخۆ.
سێیەم: ئاگاداركردنەوەی وەزارەتی ناوخۆ و لایەنی پەیوەندیدار بۆ تووندكردنی خاڵە سنوورییەكانو رێگریكردن لە هاوردەكردنی هێلكە بە رێگەی نایاسایی لەبەر بوونی مەترسی لەسەر تەندروستی هاوڵاتیان.
حكومەتی عیراق بەمەبەستی پاڵپشتیكردن لە بەرهەمی ناوخۆیی، لە سەرەتای مانگی حوزەیرانەوە هاوردەكردنی هێلكەی لە سەرجەم دەروازەكانەوە قەدەغەكرد، بەڵام بەهۆی كەمی ئەو بەرهەمەوە نرخەكەی بەشێوەیەكی بەرچاو بەرزبۆتەوەو لە ئێستاشدا نرخی یەك تەبەق هێلكە لە بازاڕەكانی عیراق نزیكەی 8 هەزار دینارە.