عابد مزووری، بەڕێوەبەری گشتیی لقی ھەولێری بانکی ناوەندیی عێراق راگەیاند، لە رێگەی بانکە ئەھلییەکانەوە، قەرزی بچووک دەدرێتە ئەو کەسانەی پڕۆژەیەکیان ھەیە، پارەکە لە بانکی ناوەندی بە بانکە ئەھلییەکان دەدرێت.
مزووری وتیشی: «بڕی ئەو قەرزەی دەدرێت لە ٥٠ ملیۆن تاوەکوو ١٠٠ ملیۆن دینارە».
روونیشی کردەوە، بانکی ناوەندی راستەوخۆ پارە بە قەرز نادات، بەڵکوو لە رێگەی بانکە ئەھلییەکانەوە قەرز دەدات، وتیشی: ”ئەو قەرزەی لە ھەرێمی کوردستان لە رێگەی بانکی ناوەندی دەدرێتە بانکە ئەھلییەکان، تەنیا بۆ ھەندێک پڕۆژەی بچووکە و بە ھەموو کەسێک نادرێت، بەڵکوو لیژنەیەک سەردانی پڕۆژەکەی دەکەن و ھەڵسەنگاندن دەکەن، پاشان قەرزەکە دەدەن”.
عابد مزووری، جەختی کردەوە، ئەو قەرزەی دەدرێت بە جۆرێک لە جۆرەکان کاریگەریی دەبێت بۆ رەخساندنی ھەلی کار و پێشخستنی ئابووری.
لای خۆیەوە، شێروان ئەنوەر، سەرۆکی ھاوبەندی بانکە ئەھلییەکانی عێراق لە ھەرێمی کوردستان بە (باس)ی راگەیاند، بەشێک لە بانکە ئەھلییەکان لە کوردستان قەرز بۆ پڕۆژە دەدەن، بەڵام سنووردارە، وتی: ”قەرزەکە لە ٥٠ ملیۆن دینار بۆ ١٠٠ ملیۆن دینارە، بەڵام مەرجەکە ئەوەیە، دەبێت فەرمانبەر لەو بانکەی قەرز وەردەگرێت، حیسابی بانکیی ھەبێت وەکوو فەرمانبەر، ئەویش وەکوو گرەنتیەک بۆ گەڕاندنەوەی قەرزەکە، ئەو جۆرەش کەمە، چونکە فەرمانبەران لە بانکی حکوومی حیساب بانکییان ھەیە، نەوەکوو لە بانکە ئەھلییەکان”.
ئەو ناوی ئەو بانکانەی ئاشکرا کرد کەوا قەرزەکە دەدەن، وتیشی: « RTی بانک و بانکی کوردستان و بانکی جیھان و بانکی ئەربیل لەو بانکانەن، کە ئەو جۆرە قەرزانە دەدەن».
ئاماژەی بەوەش دا، ئەو بانکانە قەرزێک بۆ پڕۆژەی بچووک و مامناوەندی بە شێوازی ئیسلامی دەدەن، واتا زیادەی ناخەنە سەر.
بانکی ناوەندیی عێراق یەک ملیار دۆلاری تەرخان کردووە بۆ پشتیوانیی دارایی پڕۆژە بچووک و مامناوەندییەکان، بەشێک لە پارەکە بۆ ھەندێک لە بانکانەیە کە لە ھەرێمی کوردستاندا کار دەکەن، بەڵام بە گوتەی سەرۆکی ھاوبەندیی بانکە ئەھلییەکانی عێراق، بەھۆی مەرجی زۆرەوە لەو ملیار دۆلارە، تەنیا ١٠%ی خەرج کراوە.