گرێبەستی فرۆشتنی ئۆتۆمبێل بەشێوەی قست بە مامۆستایان واژۆ ده‌كرێت


بڕیاره‌ له‌ چه‌ند رۆژی داهاتوو یەکێتی مامۆستایانی كوردستان لەگەڵ کۆمپانیایەك بگاته‌ ڕێکەوتنی کۆتایی و گرێبەست واژوو بكات، بۆ ئه‌وه‌ی ئەندامەکانیان بتوانن بێ پێشەکی و بەقیستی درێژخایەن ببنە خاوەن ئۆتۆمبێل.

نیان محه‌مه‌د، كه‌ مامۆستایە و بەمەبەستی نوێکردنەوەی ناسنامەکەی سەردانی یەکێتی مامۆستایانی کردووە، لەگەڵ ئەوەی ھەنگاوەکان بەگرنگ دەزانێ، بەڵام داوا دەکات، قیستەکان لەگەڵ بار و گوزەرانی مامۆستایان بگونجێ، بۆ ئەوەی ببنە خاوەنی ئوتۆمبێل.

بەگوێرەی زانیاریەکانیش، ڕێکەوتنی نێوان یەکێتی مامۆستایان و کۆمپانیاکە بە شێوه‌یه‌ك دەبێت، كه‌ ھەر مامۆستایەك بیەوێ ئەو پێنج جۆرە ئۆتۆمبیلە رابکێشێت کە دیاری دەکرێن، پێویستی تەنھا بە کەفیلێکی مامۆستا یان فەرمانبەرێك دەبێ، ھەروەھا قیسەتەکان لە 300 بۆ 400 دۆلارەوە دەست پێدەکات تا دەگا نزیکەی 1000 دۆلار، لەکاتێدا ئه‌گەر موچەش لەکاتی خۆیدا دابەشنەکرا، ئه‌وكات مامۆستا لێیی بەرپرس نابێت.

له‌كاتێكیشدا كه‌‌ خاڵی ناکۆك لەنێوان ھەردولا شێوازی دانەوەی قیستەکانە و کۆمپانیاکە ٣٦ مانگی دیاریکردووە بۆ دانەوەی قیستەکان و وه‌ك عەتا محەمەد، جێگری یەکێتی مامۆستایانی کوردستانیش ئاماژه‌ی پێ ده‌دات، یەکێتی مامۆستایان ده‌یه‌وێت ماوه‌ی دانه‌وه‌ی قیسته‌كان بۆ٤٠ تا ٤٤ مانگ دیاریبكرێت.

ئه‌وه‌ی زانراویشه‌، بەرێژەی ٦% دەچێتە سەر نرخی ئۆتۆمبیلەکان، لیژنەی فەتواش چاوەڕوانی واژوو کردنی گرێبەستەکە دەکات، تا ئەوکات بەپێی ناوەرۆکی ڕێکەوتنەکە بڕیار لەبارەی حەلاڵ و حەرامی ڕاکێشانی ئۆتۆمبیلەکانەوە بدات.