لە سلێمانی رێوڕەسمێكی رێزلێنان بۆ قوتابییە یەكەمەكانی سەر ئاستی هەرێم ئەنجامدرا

شەوی رابردوو وەزارەتی پەروەردەی هەرێم ئەنجامی كۆتایی تاقیكردنەوەكانی هەردوو قۆناغی نۆ و 12ی ئامادەیی راگەیاند لە رێوڕەسمەكەشدا ناوی یەكەم و دووەم و سێیەمی هەردوو قۆناغەكە لەسەر ئاستی هەرێم ئاشكرا كرا. 

دالیا هاشم عارف قوتابی خوێندنگەی گەشەیە لە شاری سلێمانی و بە بەدەستهێنانی 98.86 توانی لەسەر ئاستی شەشەمی زانستی سێیەمی هەرێم بێت، بۆ ئەو مەبەستەش ئەمڕۆ لەناو خوێندنگەكەیدا رێوڕەسمێكی رێزلێنانی بۆ ساز كرا. 

دالیا لە وتەیەكدا سەرەتا سوپاسی خودای كرد لەسەر ئەو نمرەیەی لە تاقیكردنەوەكاندا بەدەستی هێناوە، هەروەها سوپاسی خێزانەكەی بە تایبەتی دایك و باوكی كرد كە هەمیشە هاوكاری بوون و بەردەوام لە ماڵەوە بوون تاوەك ژینگەیەكی لەباری بۆ دابین بكەن بۆ تێكۆشانی زیاتر و خوێندنەوەی وانەكانی، سوپاسی خوێندنگە و مامۆستایانیشی كرد كە هاوكاری تەواویان كردووە . 

ئەو وتی: “پۆلی شەشەم زیاتر هیلاكییە و زیرەكی نییە، من خۆم لە كۆتاییدا هێندە خۆم هیلاك كرد تا ئەو نمرەیەم بەدەستهێنا، بۆیە ئامۆژگاری قوتابیانی پۆلی شەشەم بۆ ساڵانی داهاتوو دەكەم كە لە كۆتایی و كاتی تاقیكردنەوەكاندا زیاتر هەوڵ بدەن و هیلاكتر بن تا لە كۆتایی و وەرگرتنەوەی ئەنجامەكاندا ئەنجامەكەی وەربگرنەوە”. 

دالیا باس لەوە دەكات، لەسەرەتاوە زۆر هەوڵی نەداوە و زۆر ماندوو نەبووە تا كاتی دەستپێكردنی وەرزی نوێی خوێندن، لەگەڵ دەستپێكردنی ساڵی نوێی خوێندن دەستی بە هەوڵ و كۆشش كردووە لە وانەكاندا بەتایبەت وانە زانستییەكان كە باشتر شارەزایی هەبووە تێیاندا، بەڵام لە وانە زمانەوانییەكاندا كەمتر هەوڵی داوە، ئەوەش لە كۆتاییدا بەخراپ بەسەر ئەودا شكاوەتەوە و نمرەیەكی كەمتری لەو وانانەدا بەدەستهێناوە، بۆیە ئێستا پەشیمانە. 

دالیا ئاماژە بەوەش دەكات، لە تاقیكردنەوەی وانە زمانەوانییەكاندا زۆر باش نەبووە و پێی وابووە نمرەیەكی كەمتر دەهێنێت كە لە سەروو كۆ نمرەی 90وە بێت، بەڵام پێششبینی ئەوەی نەكردووە لە ریزی یەكەمەكان بێت و لە كاتی ئاشكراكردنی ئەنجامەكان و دەركەوتنی ئەنجامەكەی زۆر خۆشحاڵ بووە.