بەئامادەبوونی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی و جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، ئەندرۆ پیک و باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق، ماتیۆ تیوولەر و جێگری سەرۆکی ژووری بازرگانیی ئەمریکا بۆ ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست، ستیڤ لوتس و سەرۆکی یەکێتیی ژوورەبازرگانییەکانی عێراق و ژمارەیەک لە بەرپرسانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و بزنسمان و خاوەن کارانی بیانی و ناوخۆ، بەبۆنەی ئیمزاکرنی یاداشتی لێکگەیشتنی نێوان ژووری بازرگانیی ئەمریکی و یەکێتیی ژوورەکانی بازرگانی و پیشەسازیی ھەرێمی کوردستان کە ئەمڕۆ واژۆ کرا بوو، بەڕێوە چوو.
بە پێی ھەواڵێکی نووسینگەی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، لە وتارێکدا سەرۆکی ھەرێمی کوردستان وێڕای بەخێرھێنانی ئامادەبووان و پیرۆزباییکردن و دەربڕینی خۆشحاڵی بەئیمزاکردنی یاداشتی لێکگەیشتنی ژووری بازرگانیی ئەمریکی و یەکێتیی ژوورەکانی بازرگانی و پیشەسازیی ھەرێمی کوردستان، ھیوای خواست بە خێری ھەرێمی کوردستان و ئەمەریکا بگەڕێتەوە و ببێتەھۆکارێک کەھەرێمی کوردستان وەک دەروازەیەک بۆ بازاڕی گەورەی عێراقیش بەکار بھێنرێت.
نێچیرڤان بارزانی جەختی لەوەکردەوە کەھاتنی شاندی ژووری بازرگانیی ئەمریکی لەم قۆناغەدا نەک تەنیا بۆ ھەرێم، بەڵکو بۆ عێراقیش گرنگیی خۆی ھەیەو نیشانەی پشتیوانی و پەیوەندیی دۆستانەی درێژخایەنە لەگەڵ ئەمریکا کەپێش ساڵی ١٩٩١بۆ ٢٠٠٣، تا ٢٠١٤ و تا ئەمڕۆ بەقۆناغی جیادا تێپەڕیوون و ئاشکرای کرد کەبەچاوی ڕێز و پێزانینەوە لە دۆستایەتی و ھاوکاری و پشتگیریی ئەمریکا بۆ ھەرێمی کوردستان و عێراق دەڕوانن.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەشکرد کە پشتگیریی ئەمریکا بۆ ھەرێمی کوردستان لە شەڕی دژی تیرۆردا، ھۆکارێکی سەرەکیی سەرکەوتن بوو کە ئەمریکا سەرکردایەتیی ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە دژی تیرۆر کرد و رۆڵێکی گەورەی لەپاراستنی ھەرێمی کوردستان و عێراقدا بینی و لەگەڵ ئەمریکا بەیەکەوە بەرگرییان لەبەھا ھاوبەشەکانی ژیان، سەرفرازی، ئازادی و دیموکراسی، فرەڕەنگی و ئاشتەوایی، پێکەوەژیان و لێبووردەیی، مرۆڤایەتی و جیھان کرد و لەمبارەیەوە قوربانییەکانی سوپای ئەمریکا و ھاوپەیمانانی نێودەوڵەتی لەگەڵ پێشمەرگە و ھێزەعێراقییەکانی بیرھێنایەوە.
لەبەشێکی دیکەی وتارەکەیدا سەرۆکی ھەرێمی کوردستان باسی لە قۆناغی دوای شەڕی داعش کرد و بەقۆناغی ئارامی و سەقامگیری و ئاوەدانی و پەرەپێدان و خزمەتگوزاری ناوزەد کرد و لەمبارەیەوە ڕۆڵی کەرتی تایبەتی ئەمریکای لە وەبەرھێنان لەبوارە جیاوازەکاندا لەگەڵ کەرتی تایبەتی ناوخۆ و حکوومەت بەگرنگ وەسف کرد و دووپاتی کردەوە کە پشتگیریی ئابووری و بازرگانی، وەبەرھێنان و سەرمایەگوزاریی ئەمریکا دەبێتە ھۆی سەقامگیری، ھەروەھا سوپاسی کۆمپانیا ئەمریکییەکانی بواری وزەو بارزگانی و وەبەرھێنانی کرد کە لەقۆناغی سەختدا ھەرێمی کوردستانیان جێنەھێشت و ڕایگەیاند کە رۆڵی کاراتریان لەداھاتوودا دەبێتە ھۆی پتەوکردنی پەیوەندیی گەلی ئەمریکی و گەلانی ناوچەکە.
نێچیرڤان بارزانی باسی ئەو زەمینە لەبارەو ئەو ئاسانکاریانەی کرد کە لە ھەرێمی کوردستان بەپێی یاسا بۆ وەبەرھێنان و بازرگانی ھەیە و ھەمیشە ھەوڵیان داوە کەموکوڕی، لاوازی، ڕۆتین و بەربەست، لەبەردەم وەبەرھێنان لابەرن و چاکسازیی یاسایی و کارگێڕی و بەتایبەتی کارگێڕیی داراییان ئەنجام داوەو ڕووبەڕووی کاری نایاسایی و گەندەڵی بوونەتەوە و جەختی کردەوەکەلەسەر ئەوەبەردەوام دەبن و حکوومەت و پەرلەمان ھان دەدەن تا لەڕووی یاسایی و شەفافیەت و ئاسانکارییەوە، زەمینەی لەبارتر بۆ وەبەرھێنان فەراھەم بکەن، تا وەبەرھێنەران ھەست بەدڵنیایی بکەن کە لەشوێنی دروست و لەژینگەیەکی یاسایی و کارگێریی تەندروستدا وەبەرھێنان و سەرمایەگوزاری دەکەن.
لەبەشێکی دیکەی وتەکەیدا نێچیرڤان بارزانی ئاشکرای کرد کە ھەرێمی کوردستان لە گەڵ حکوومەتی فیدراڵیی عێراق قۆناغێکی نوێی پەیوەندی دەستپێکردووە و لەسەر بنەمای دەستوور و فیدراڵی، ھەنگاوی تازەی ھاوکاری و ھەماھەنگی و ھاوبەشییان ناوە و ھیوای خواست ھەردوولا وانە لەھەڵەکانی ڕابردوو وەربگرن، چونکە ھەوڵی جددی و دڵسۆزانە لەھەردوولا بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان ھەیە، ئەوەجیا لەوەی کە پەیوەندیی باشی ھەولێر و بەغدا، ڕەنگدانەیەوەکی باشی لەسەر چالاکیی ئابووری و بازرگانی و وەبەرھێنان، لە ھەرێمی کوردستان و تەواوی عێراق دەبێت.
نێچیرڤان بارزانی ئاماژەی بەوەش دا کە پەرەپێدانی چالاکیی ئابووری و بازرگانیی کەرتی تایبەتی ئەمریکی لە ھەرێمی کوردستان، تەنیا پرۆسەیەکی ئابووری و بازرگانی نییە، بەڵکو بەشداری و ھاوبەشییەکی کارایە لە ئاوەدانکردنەوە و بنیاتانەوەی ژیان و مرۆڤ لە وڵاتێکدا کە ئازار و دەردەسەری و کارەساتی گەورەی بینیوە، ھاوبەشییە لە گەڕاندنەوەی ئومێد بۆ ئاوارەو پەنابەران لە ھەموو پێکھاتەکان و پرۆسەی ئاوەدانکردنەوەی شوێنەکانیان و دەبنە ھۆی دابینکردنی دەرفەتی کار و بنیاتنانی ژیانێکی تازە بۆ کەسێک، خانەوادەیەک بەتایبەتی کە گەلی کوردستان بە سرووشت کۆمەڵگەیەکی کراوەیە و حەزی لە بنیاتنانی پردی پەیوەندییە لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی.
ھەروەھا دووپاتیشی کردەوە کە ژووری بازرگانیی ئەمریکی لەگەڵ یەکێتیی ژوورەکانی بازرگانی و پیشەسازی و کەرتی تایبەتی ھەرێمی کوردستان دەتوانن کار و پرۆژەی ھاوبەش ئەنجام بدەن، چونکە بڕوایەکی تەواویان بەگرنگی و ڕۆڵ و کاریگەریی کەرتی تایبەت ھەیە لەبەر ئەوەی بەرەوپێشبردنی بوارەجیاکان و دابینکردنی پێداویستیی وڵات، بێ کەرتی تایبەت سەرکەوتوو نابێت، ھەروەھا ئاماژەی بەوەدا کەئەزموونی زیاتر لە(١٥) ساڵی ڕابردووی کەرتی تایبەت لەھەرێمی کوردستان ڕێنیشاندەرەو بەفێربوون لەڕابردوو، ھەنگاوەکانی داھاتوو باشتر دەکەن و کەموکوڕی و بەربەستەکان لادەبرێن و زەمینەبۆ چالاکیی ئابووری و بازرگانی و وەبەرھێنان، باشتر دەکرێت.
سەرۆکی ھەرێمی کوردستان ئیمزاکردنی یاداشتنامەکەی نێوان ژووری بازرگانیی ئەمریکی و یەکێتیی ژوورەکانی بازرگانی و پیشەسازیی ھەرێمی کوردستانی بەکارێکی گرنگ، ھەنگاوێکی دروست و پێویست و تەواو لەکاتی خۆیدا وەسف کرد بەتایبەتی کەژووری بارزگانیی ئەمریکی گەورەترین ڕێکخراوی بزنسی جیھانە و زیاتر لە(١٠٠) نووسینگەی لە جیھان ھەیە و دەرگای زیاتر لە سێ ملیۆن کۆمپانیای ئەمریکی بەسەر ھەرێمی کوردستان و عێراقدا دەکاتەوە و بازاڕێکی گەورەبۆ کۆمپانیا ئەمەریکییەکان دروست دەکات.
لە کۆتایی وتەکەیدا سوپاسی ئەوانەی کرد کەکاریان بۆ ئیمزاکردنی یاداشتەکە کردووە و سوپاسی ھەوڵەکانی یەکێتیی ژوورەکانی بازرگانی و پیشەسازیی ھەرێمی کوردستانی کرد بۆتۆکمەکردنی پەیوەندیی بازرگانی و ئابووریی ھەرێم لەگەڵ جیھان و ھیوای خواست لەداھاتوویەکی نزیکدا ڕەنگدانەوەی ئەم ھەنگاوە لە ھەرێمی کوردستان و عێراق ھەبێت.
بڕوای خۆیشی دەربڕی کە فەرھەنگی کراوە، میواندۆستی، ئارەزووی ھاوبەشی و پشتگیریی ھەرێم لە وەبەرھێنانی خۆماڵی و دەرەکی، کوردستان دەکاتە شوێنێکی تایبەت بۆ بازرگانی و وەبەرھێنان. ھەروەھا سوپاسی نوێنەرایەتیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانی لە ئەمریکا، بەیان سامی عەبدولرەحمان و ستافی نوێنەرایەتی کرد کە رۆڵێکی زۆر گەورەیان بینیوە بۆ ڕێکخستن و ھێنانی ئەم شاندە و خۆشحاڵیی خۆی بۆ دامەزراندنی ژووری بازرگانیی ئەمریکی لە ھەرێمی کوردستان دەربڕی و ھیوای خواست پشتگیریی لە چالاکییەکانی بکرێت بۆ ھاندان و بەھێزترکردنی پەیوەندیی نێوان ھەردوولا.
دەقی وتاری سەرۆکی ھەرێمی کوردستان:
ئامادەبووانی، دیپلۆماتکاران،
میوانان کەلەئەمەریکاوەتەشریفتان ھێناوە،
ئێوارەتان باش، ھەموو لایەکتان بەخێربێن.
بەخێرھاتنی گەرمی بەڕێزان ئەندرۆ پیک جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، ماتیۆ تیوولەر باڵیۆزی ئەمەریکا لەعێراق، بەڕێز ستیڤ لوتس جێگری سەرۆکی ژووری بازرگانیی ئەمەریکا بۆ ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست و سەرۆکی یەکێتیی ژوورەبازرگانییەکانی عێراق دەکەم کەئەویش ئەمڕۆ تەشریفیان ھێناوەو ھەموو لایەکیان بەخێر بێن.
خۆشحاڵم کەپێکەوە لێرەین. ھیوای سەرکەوتن بۆ ئێوە و بۆ یاداشتی لێکگەیشتنی ژووری بازرگانیی ئەمریکی و یەکێتیی ژوورەکانی بازرگانی و پیشەسازیی ھەرێمی کوردستان دەخوازم. پیرۆزباییتان لێدەکەم، ھیوادارم بەخێری ھەرێمی کوردستان و عێراق و ئەمەریکا بگەڕێتەوە. ئێوەدەتوانن لێرەوەھەرێمی کوردستان وەک دەروازەیەک بۆ بازاڕی گەورەی عێراقیش بەکار بھێنن.
ھاتنتان لەم قۆناغەدا نەک ھەر بۆ ھەرێمی کوردستان، بۆ عێراقیش، گرنگە. نیشانەی پشتیوانی و دۆستایەتیتانە. ئێمە، پەیوەندییەکی دۆستانەی درێژخایەنمان لەگەڵ ئەمەریکا ھەیە. پەیوەندییەکانمان لەپێش ساڵی ١٩٩١ەوەدەستپێدەکات کەھەمانبووەلەگەڵ ئەمەریکا، بەڵام لەساڵی ١٩٩١ـەوەبۆ ٢٠٠٣، تا ٢٠١٤ و تا ئەمڕۆ، ئەم پەیوەندییە بە قۆناغی جیادا تێپەڕیون. بەچاوی ڕێز و بەپێزانینەوەلەدۆستایەتی و ھاوکاری و پشتگیریی ئەمەریکا بۆ ھەرێمی کوردستان و عێراق دەڕوانین.
پشتگیریی ئەمریکا بۆ ئێمە لەشەڕی دژی تیرۆردا، ھۆکارێکی سەرەکیی سەرکەوتن بوو. ئەمریکا سەرکردایەتیی ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لەدژی تیرۆر کرد. ڕۆڵێکی گەورەی لە پاراستنی ھەرێمی کوردستان و عێراقدا بینی. ئێمە پێکەوە بەرگریمان لەو بەھا ھاوبەشانەکرد کە بڕوامان پێ ھەیە. کە بنەمای ژیان و سەرفرازی و ئازادین.
پێکەوەبەرگریمان لەئازادی و دیموکراسی، فرەڕەنگی و ئاشتەوایی، پێکەوەژیان و لێبوردەیی کرد. بەرامبەر ھەمان دوژمن جەنگاین. دوژمنی ژیان، دوژمنی شارستانی و دوژمنی پێشکەوتن. پێکەوە بەرگرییمان لە ژیان و مرۆڤایەتی و لەجیھان کرد. لێرەدا، بەڕێز و پێزانینەوە، لەگەڵ پێشمەرگەو ھێزەعێراقییەکان، قوربانیانی سوپای ئەمەریکا و ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتیش، بەبیر دەھێنینەوە.
ئێستا قۆناغی دوای شەڕە. قۆناغی ئارامی و سەقامگیرییە. کاتی ئاوەدانکردنەوەو پەرەپێدان و خزمەتگوزارییە. بەپەرۆشەوە چاوەڕوانین کەرتی تایبەت و وەبەرھێنانی ئەمریکی، لێرە ڕۆڵێکی گەورەبگێڕێت. دەتوانن لەگەڵ کەرتی تایبەتی ناوخۆ، لەگەڵ حکوومەتیش کار بکەن.
جگە لە پەیوەندی و پشتگیریی سیاسی و ئەمنی و یارمەتیی مرۆیی، پشتگیریی ئابووری و بازرگانی، وەبەرھێنان و سەرمایەگوزاریی ئەمەریکیش، دەبێتەھۆی سەقامگیری و ڕێزگرتن لەقوربانیانی ھەموو لایەکمان لەعێراق. ئێوە دەتوانن لەزۆر بواری ئاوەدانکردنەوە، ژێرخان و پەرەپێدانی کەرتەکانی خزمەتگوزاری، تەکنەلۆژیا، پەیوەندی و گەیاندن، بانکداری، تەندروستی، پەروەردە، زانستی، پیشەسازی، کشتوکاڵ و گەشتیاریدا، وەبەرھێنان لەھەرێمی کوردستان بکەن.
پێشتر کۆمپانیا ئەمریکییەکان لەبواری وزەو لە چەند بوارێکی بازرگانی و وەبەرھێناندا لێرەکاریان کردووە. زۆر سوپاسیان دەکەین کە لەدۆخی سەختی ڕابردوودا، ئێمەیان جێنەھێشت. لەم قۆناغە و لە داھاتووشدا، بەشداری و ھاوبەشیی زیاتر و کاراتری کۆمپانیا و سەرمایە و وەبەرھێنانی ئەمریکی، دەبێتەھۆی پتەوکردنی پەیوەندیی گەلی ئەمریکی و گەلانی ئەم ناوچەیە.
ھەرێمی کوردستان زەمینەیەکی لەبارەبۆ وەبەرھێنان و سەرمایەگوزاری. لێرە ئاسانکاری، پشتگیری و ھاوکاری بۆ وەبەرھێنان دەدۆزنەوە. ھەرێمی کوردستان لەبواری وەبەرھێنان و سەرمایەگوزاریدا، لەپشتگیری و ئاسانکاریدا بۆ ھاندانی وەبەرھێنان، چیرۆکێکی سەرکەوتووی ھەیەلەعێراقدا.
ھەمیشە کارمان کردووە، بۆ ئەوەی یاسای وەبەرھێنانمان سەردەمانە و گەرەنتیی وەبەرھێنان بێت. یاسایەک بتوانێت زۆر سەرمایە و وەبەرھێنانی بیانی بھێنێتە ھەرێمی کوردستان. چالاکیی ئابووری و بازرگانیی فراوان ئەنجام بدەن.
ھەمیشە ھەوڵمان داوە، کارمان کردووە و کار دەکەین بۆ ئەوەی کەموکوڕی، لاوازی، ڕۆتین و بەربەست، لە بەردەم وەبەرھێنان لابەرین. چاکسازیی یاسایی و کارگێڕی و بەتایبەتی کارگێڕیی داراییمان کردووە. ڕووبەڕووی کاری نایاسایی و گەندەڵی بووینەتەوە.
لەسەر ئەوەبەردەوام دەبین. حکوومەت و پەرلەمان ھان دەدەین، تا لەڕووی یاسایی و شەفافیەت و ئاسانکارییەوە، زەمینەی لەبارتر بۆ وەبەرھێنان فەراھەم بکەن. تاکو دڵنیایی و پشتئەستووریی زیاتری یاسایی و کارگێڕی بدینەوەبەرھێنەران.
دەمانەوێت ھەست بەدڵنیایی و گەرەنتی بکەن کە لەشوێنی دروست و لەژینگەیەکی یاسایی و کارگێریی تەندروستدا وەبەرھێنان و سەرمایەگوزاری دەکەن. دڵنیاتان دەکەینەوەکەھەموو پشتگیرییەکی ئێمەتان ھەیە. وەبەرھێنان و مافەکانتان لەھەرێمی کوردستان پارێزراوە.
ئێمە لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵیی عێراق قۆناغێکی نوێی پەیوەندیمان دەست پێدەکەینەوە. لەسەر بنەمای دەستوور و فیدراڵی، ھەنگاوی تازەی ھاوکاری و ھەماھەنگی و ھاوبەشیمان دەبێت. دەبێ ھەردوولامان وانە لە ھەڵەکانی ڕابردوو وەربگرین. دەبێ بۆ ھەنگاونان بەرەو ئایندەیەکی باشتر، سوودیان لێ ببینین.
ھەوڵی جددی و دڵسۆزانەلەھەردوولا ھەیەبۆ چارەسەرکردنی ھەموو کێشەکان. پەیوەندیی باشی ھەولێر و بەغدا، ڕەنگدانەیەوەکی باشی ھەیەلەسەر چالاکیی ئابووری و بازرگانی و وەبەرھێنان، لەھەرێمی کوردستان و لەتەواوی عێراق.
پەرەپێدانی چالاکیی ئابووری و بازرگانیتان لەھەرێمی کوردستان، بەتەنیا پرۆسەیەکی ئابووری و بازرگانی نییە. بەشداری و ھاوبەشییەکی کارایەلەئاوەدانکردنەوەو بنیاتنانەوەی ژیان و مرۆڤیش، لەوڵاتێکدا کەئازار و دەردەسەری و کارەساتی گەورەی بینیوە. ھاوبەشییەلەگەڕاندنەوەی ئومێد بۆ ئاوارەو پەنابەران لەھەموو پێکھاتەکان. ھاوبەشییەلە پرۆسەی ئاوەدانکردنەوەی شوێنەکانیان.
ھەموو کار و چالاکییەکی ئێوە، دەرفەتی کار و بنیاتنانی ژیانێکی تازەبۆ کەسێک، بۆ خانەوادەیەک دابین دەکات. گەلی کوردستان بە سرووشت کۆمەڵگەیەکی کراوەیە. حەزی لەبنیاتنانی پردی پەیوەندییە لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی. ئێمە بڕوامان بەبازاڕی ئازاد و کراوە ھەیە.
ئێوە دەتوانن لەگەڵ یەکێتیی ژوورەکانی بازرگانی و پیشەسازی و کەرتی تایبەت، کار و پرۆژەی ھاوبەش ئەنجام بدەن. ئێمە بڕوایەکی تەواومان بەگرنگی و ڕۆڵ و کاریگەریی کەرتی تایبەت ھەیە. بەرەوپێشبردنی بوارەجیاکان و دابینکردنی پێداویستیی وڵات، بێ کەرتی تایبەت کەداینەمۆی سەرەکییەبۆ ھەر بەرەوپێشچوونێک، سەرکەوتوو نابێت.
ئەزموونی زیاتر لە(١٥) ساڵی ڕابردووی کەرتی تایبەت لەھەرێمی کوردستان، ڕێنیشاندەرمانە. بەفێربوون لەڕابردوو، ھەنگاوەکانی داھاتوومان باشتر دەکەین. لەقۆناغەکانی داھاتوودا، کەموکوڕی و بەربەستەکانی ڕابردوو لادەبەین. زەمینەبۆ چالاکیی ئابووری و بازرگانی و وەبەرھێنان، باشتر دەکەین.
ئیمزاکردنی یاداشتنامەکەتان ئەمڕۆ، کارێکی گرنگە. ھەنگاوێکی دروست و پێویستە. تەواو لەکاتی خۆیدایە. ژووری بازرگانیی ئەمەریکی، گەورەترین ڕێکخراوی بزنسی جیھانە. زیاتر لە(١٠٠) نووسینگەی لەجیھان ھەیە. دەرگای زیاتر لەسێ ملیۆن کۆمپانیای ئەمەریکی، بەسەر ھەرێمی کوردستان و عێراقدا دەکاتەوە. لێرەش بازاڕێکی گەورەبۆ کۆمپانیا ئەمەریکییەکان دروست دەکات.
پیرۆزباییتان لێدەکەم. ھیوای سەرکەوتنان بۆ دەخوازم. سوپاس بۆ ھەموو ئەوانەی لەھەرێمی کوردستان و لەئەمەریکا کاریان کرد بۆ ئەوەی ئەم یاداشتەئیمزا بکرێت.
سوپاسی یەکێتیی ژوورەکانی بازرگانی و پیشەسازیی ھەرێمی کوردستان دەکەم. ئەوان ھەمیشەھەوڵیان داوەپەیوەندیی بازرگانی و ئابووریی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ جیھان، فراونتر بکەن. ھیوادارم لەداھاتوویەکی زۆر نزیکدا، ڕەنگدانەوەی باشی ئەم ھەنگاوەلەھەرێمی کوردستان و لەعێراقیش ببینین.
بەخێرھاتنی ئەو کۆمپانیا ئەمەریکیانەدەکەم کەلەگەڵ ئەم شاندەھاتوون. ئێمە دەزانین جیھان شوێنی کێبڕکێە و کوردستانیش وەک ھەر بازارێکی تر دەبێ کێبڕکێ بکات. بڕوام زۆرە کە فەرھەنگی کراوە و میواندۆستیی ئێمە، ویست و ئارەزووی ئێمە بۆ ھاوبەشی، پشتگیریی ئێمە لە وەبەرھێنانی خۆماڵی و دەرەکی، کوردستان دەکاتەشوێنێکی تایبەت بۆ بازرگانی و وەبەرھێنان.
خۆشحاڵین کە کارێکی زۆر کراوە بۆ دامەزراندنی ژووری بازرگانیی ئەمەریکی لەھەندەرانAmCham (ئامچام) لە ھەرێمی کوردستان. ھیوادارین پشتگیریی لە چالاکییەکانی بکرێت بۆ ھاندان و بەھێزترکردنی پەیوەندیی نێوان ھەردوولا.
دووبارەبەخێرھاتنی ھەموو لایەکتان دەکەم، بەتایبەتیش دەمەوێت سوپاسی نوێنەرایەتیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە ئەمریکا خاتوو بەیان سامی عەبدولڕەحمان بکەم کە ئەمڕۆ لەگەڵ شاندەکە تەشریفی ھێناوە و ئەو کەسانەی لەگەڵ ئەو لە ئۆفیس کاریان کردووە، ھەر ھەموویان ڕۆڵێکی زۆر گەورەیان بینیوەبۆ ڕێکخستن و ھێنانی ئەم شاندە.
ھەموولایەکتان بەخێر بێن