ئەمساڵ بە هۆی زۆری ئاوی دەریاچەی سیروان زیاتر لە 300 دۆنم زەویی بە شوتی و كاڵەك و تەماتە داچانێنراوه‌

ئەمساڵ لە هەرێمی كوردستان ساڵێكی تایبەت بوو بۆ باران بارین و لە زۆربەی ناوچەكانی هەرێم باران بارین رێژەیەكی پێوانەیی تۆمار كرد و گەیشتە زیاتر لە هەزار ملم، ئەوەش بەلای جووتیارانەوە جێگای دڵخۆشی بوو. 

لەئێستادا كە وەرزی پێگەیشتنی سەوزە و میوە هاوینەییەكانە لە ناوچەكە لە شاری هەڵەبجە جووتیارەكان جگە لە دەشتەكان لەو زەوییانەش كشتوكاڵیان كردووە كە پێشتر بە زەوی دێمی ناسراوبوون و گەیاندنی ئاو بۆ ئەو ناوچانانە زەحمەت بوو. 

عوسمان حسێن جووتیارێكی دانیشتووی گوندی ئیمامی زامنە لە خوارووی هەڵەبجە، ئەو باس لەوە دەكات ئەمساڵ بە هۆی هەستانی زۆری ئاوی دەریاچەی دەربەندیخان (سیروان) لە زەوییە دێمییەكانی ناوچەكەدا زیاتر لە 300 دۆنم زەوییان بە شوتی و كاڵەك و تەماتە داچاندووە و بەئاسانی دەتوانن ئاو بگەیەننە زەوییەكانیان. 

بەگوێرەی ئامارەكان لە سنووری بەڕێوەبەرایەتی گشتی كشتوكاڵی هەڵەبجە، ١٧٠ هەزار دۆنم زەوی كشتوكاڵی هەیە، لەو بڕەش بەشێكی زۆری لە وەرزی هاویندا بە سەوزە و میوە و بەرووبوومە هاوینەییەكان دەچێندرێن. 

عوسمان حسێن وتی: “بە هۆی ئەو باران بارینەی زۆرەی ئەمساڵەوە ئاستی ئاوی دەریاچەی دەربەندیخان (سیروان) زۆر بەرزبووەتەوە و ئاسانكاری گەورەی بۆ كردوین تاوەكو لە قەدپاڵی گرد و زەوییە دێمییەكان كشتوكاڵ بكەین و ئاوەكەش بەئاسانی دەگاتە زەوییەكانمان بۆ ئاودان، بەڵام ئەگەر ئاوەكە كەم بكات ئەوكات توانای كشتوكاڵمان نابێت لەو زەوییانە و بە زەحمەت ئاو دەگات و خەرجییەكی زۆر زیاتر لەسەرمان دەكەوێت”. 

ئەو جووتیارە كە زەوییەكەی بە شوتی و كاڵەك داچاندووە و لەئێستادا لە دروێنەکردنی بەرهەمەكەی نزیك بووەتەوە دڵخۆشە بە بەرهەم و زۆری ئاوی ئەمساڵ بۆ ئاودانی ئەو بەرووبوومانەی چاندونی، بەڵام لە هەمانكاتدا داوا لە حكوومەت دەكات هاوكاری جووتیاران بكات و لە كاتی پێگەیشتنی بەرهەمەكانیاندا رێگە لە هاتنی بەرهەمی كشتوكاڵی لە دەرەوە بگرێت، تاوەكو بەرهەمی ناوخۆ بەئاسانی لە بازاڕدا ساغ ببێتەوە.