لە چەند ڕۆژی داهاتوو كێشەی گرانی هێلكە لە بازاڕەكانی هەرێمی كوردستان كۆتای دێت و هێلكەی گەورە و نوێ دێت.
یاسین خدر ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە لیژنەی كشتوكاڵ ڕاگەیاند، بەدواداچوونمان كردووە لەسەر هۆكاری گرانبوونی نرخی هێلكە پێیان ڕاگەیاندووین هۆكارەكەی بەهۆی بچووكی هێلكەكان و خراپی و تێكچووی هێلكەكان وای كرد هێنانیان ڕابگیرێت.
ئەندامەكەی پەرلەمانی كوردستان وتی، ئەو هێلكانەی لە پێشوو دەهاتن لە پشكنینەكان دەرنەدەچوون بەهۆی كەمی ماوەی بەسەرچوونیان، هەروەها بەرپرسانی كشتوكاڵ پێیان ڕاگەیاندووین لە دوو ڕۆژی داهاتوو هێلكە هاوردە دەكرێتەوە و ئاسایی دەبێتەوە.
باسی لەوەشكرد، بەهۆی بڵاوبوونەوەی ئەنفلۆنزای باڵندە لە چەندین وڵات هاوردەی هێلكە وەستێندراوە و وەزارەتی كشتوكاڵیش لیستێكی بۆ ئەو مەبەستە ئامادەكردووە.
گرانبوونی هێلكە لە بازاڕەكانی هەرێمی كوردستان هاووڵاتییانی نیگەران كردووە بەجۆرێك نرخی تەبەقەیەك هێلەكە ئەمڕۆ لە بازاڕەكانی هەرێمی كوردستان گەیشتووەتە حەوت هەزار دینار.
هەرێمی كوردستان لە چەندین وڵاتی جیاواز هێلكە هاوردە دەكات لەوانە، توركیا و ئێران و ئۆكرانیان و ئەندەنۆسیا.