نێچیرڤان بارزانی: ئێستا کاتی ئاوەدانکردنەوە و خزمەتگوزارییە

سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە میانی بەشداریکردن لە واژۆکردنی یاداشتی لێکتێگەیشتنی نێوان ژووری بازرگانی هەرێمی کوردستان و ژوری بازرگانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا رایگەیاند، ئێستا قۆناخی دوای داعشە و کاتی ئاوەدانکردنەوە و خزمەتگوزارییە. 

لە رێوڕەسمەکەدا، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان گوتارێکی پێشکەشکرد و رایگەیاند، ئێستا قۆناخی دوای داعشە و کاتی ئاوەدانکردنەوە و خزمەتگوزارییە، بەپەرۆشەوە چاوەڕوانین کەرتی تایبەت و وەبەرهێنانی ئەمریکی رۆڵێکی گەورە لە هەرێمی کوردستان ببینن. 

سەبارەت بە مافی وەبەرهێنەرانیش لە کوردستان، سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، حکومەت و پەرلەمان هاندەدەین تاوەکو زەمینەیەکی لەبارتر بۆ وەبەرهێنان دابینبکات، دەمانەوێت هەست بە دڵنیایی بکەن و دڵنیاتان دەکەینەوە مافەکانتان پارێزراو دەبێت. 

نێچیرڤان بارزانی باسی لەوەشکرد، قۆناخێکی نوێ لەگەڵ عێراق دەستپێدەکەین، لەسەر بنەمای دەستوور لەگەڵ عێراق هەنگاوی نوێی هاوکاری و هاوئاهەنگی دەنێین، دەبێت هەردوولامان وانە لە هەڵەکانی رابردوومان وەربگرین و بۆ هەنگاونان بۆ ئاییندەیەکی باشتر سوودیان لێببینین. 

سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئەوەشی گوت “هەوڵی جیدی و دڵسۆزانە بۆ چارەسەرکردنی هەموو کێشەکان لەهەردوولا بوونیان هەیە، پەیوەندی باشی هەولێر و بەغداش رەنگدانەوەیەکی باشی هەیە لەسەر چالاکی بازرگانی و وەبەرهێنان.  

نێچیرڤان بارزانی ئاماژەی بەوە کرد، گەلی کوردستان بە سروشت کۆمەڵگەیەکی کراوەیە و ئارەزووی لە بنیادنانی پردی پەیوەندییە لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، گوتیشی، پەرەپێدانی چالاکی و بازرگانی لەهەرێمی کوردستان تەنها پرۆسەیەکی ئابووری و بازرگانی نییە، بەڵکو بەشداری و هاوبەشێکی کارایە لە ئاوەدانکردنەوەی ژیان و مرۆڤ لە وڵاتێکدا کە کارەساتی گەورەی بینیووە.

لابارەی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و ئەمریکا گوتی، بە چاوی پێزانینەوە تەماشای هاوکاری و پشتیوانی ئەمریکا بۆ هەرێمی کوردستان و عێراق دەکەین، پشتگیری ئەمریکا بۆ ئێمە لە شەڕی تیرۆردا ئامرازی سەرەکی سەرکەوتنی ئێمەبوو، ئەمریکا سەرۆکایەتی هاوپەیمانانی کرد و رۆڵێکی گەورەی بینی لە پاراستنی هەرێمی کوردستان و عێراق. 

ده‌قی گوتارەکەی نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان

ئاماده‌بووانى به‌ڕێز، ديپلۆماتكاران،

ميوانان كه‌ له‌‌ ئه‌مريكاوه‌ ته‌شريفتان هێناوه‌،

ئێواره‌تان باش، هه‌موو لايه‌كتان به‌خێربێن.

به‌خێرهاتنی گه‌رمی به‌ڕێزان ئه‌ندرۆ پیك جێگری یاریده‌ده‌ری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا، ماتیۆ تيووله‌ر باڵیۆزی ئه‌مه‌ریكا له‌ عێراق، به‌ڕێز ستیڤ لوتس جێگری سه‌رۆكی ژووری بازرگانيی ئه‌مه‌ریكا بۆ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و سه‌رۆكی یه‌كێتیی ژووره‌ بازرگانییه‌كانی عێراق ده‌كه‌م كه‌ ئه‌ویش ئه‌مڕۆ ته‌شریفیان هێناوه‌ و هه‌موو لایه‌كیان به‌خێر بێن.

خۆشحاڵم كه‌ پێكه‌وه‌ لێره‌ين. هيواى سه‌ركه‌وتن بۆ ئێوه‌ و بۆ ياداشتى لێكگه‌يشتنى ژوورى بازرگانيى ئه‌مه‌ريكى و يه‌كێتيى ژووره‌كانى بازرگانى و پيشه‌سازيى هه‌رێمى كوردستان ده‌خوازم. پيرۆزباييتان لێده‌كه‌م، هيوادارم به‌ خێرى هه‌رێمى كوردستان و عێراق و ئه‌مه‌ريكا بگه‌ڕێته‌وه‌. ئێوه‌ ده‌توانن لێره‌وه‌ هه‌رێمى كوردستان وه‌ك ده‌روازه‌يه‌ك بۆ بازاڕى گه‌وره‌ى عێراقيش به‌كار بهێنن.

هاتنتان له‌م قۆناغه‌دا نه‌ك هه‌ر بۆ هه‌رێمى كوردستان، بۆ عێراقيش، گرنگه‌. نيشانه‌ى پشتيوانى و دۆستايه‌تيتانه‌. ئێمه‌، په‌يوه‌ندييه‌كى دۆستانه‌ی درێژخایه‌نمان له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ريكا هه‌يه‌. په‌يوه‌ندييه‌كانمان له‌ پێش ساڵى 1991ه‌وه‌ ده‌ستپێده‌كات كه‌ هه‌مانبووه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكا، به‌ڵام له‌ ساڵی 1991ـه‌وه‌ بۆ 2003، تا 2014 و تا ئه‌مڕۆ، ئه‌م په‌یوه‌ندییه‌ به‌ قۆناغى جيادا تێپه‌ڕيون. به‌ چاوى ڕێز و به‌ پێزانينه‌وه‌ له‌ دۆستايه‌تى و هاوكارى و پشتگيريى ئه‌مه‌ريكا بۆ هه‌رێمى كوردستان و عێراق ده‌ڕوانين.

پشتگيريى ئه‌مه‌ريكا بۆ ئێمه‌ له‌ شه‌ڕى دژى تيرۆردا، هۆكارێكى سه‌ره‌كيى سه‌ركه‌وتن بوو. ئه‌مه‌ريكا سه‌ركردايه‌تيى هاوپه‌يمانيى نێوده‌وڵه‌تى له‌ دژى تيرۆر كرد. ڕۆڵێكى گه‌وره‌ى له‌ پاراستنى هه‌رێمى كوردستان و عێراقدا بينى. ئێمه‌ پێكه‌وه‌ به‌رگريمان له‌و به‌ها هاوبه‌شانه‌ كرد كه‌ بڕوامان پێ هه‌يه‌. كه‌ بنه‌مای ژیان و سه‌رفرازی و ئازادین.

پێكه‌وه‌ به‌رگريمان له‌ ئازادى و ديموكراسى، فره‌ڕه‌نگى و ئاشته‌وايى، پێكه‌وه‌ژ‌يان و لێبورده‌يى كرد. به‌رامبه‌ر هه‌مان دوژمن جه‌نگاين. دوژمنى ژيان، دوژمنی شارستانى و دوژمنی پێشكه‌وتن. پێكه‌وه‌ به‌رگريمان له‌ ژيان و مرۆڤايه‌تى و له‌ جيهان كرد. لێره‌د‌ا، به‌ ڕێز و پێزانينه‌وه‌، له‌گه‌ڵ پێشمه‌رگه‌ و هێزه‌ عێراقييه‌كان، قوربانيانى سوپاى ئه‌مه‌ريكا و هاوپه‌يمانيى نێوده‌وڵه‌تيش، به‌بير ده‌هێنينه‌وه‌.

به‌ڕێزان،

ئێستا قۆناغى دواى شه‌ڕه‌. قۆناغى ئارامى و سه‌قامگيرييه‌. كاتى ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ و په‌ره‌پێدان و خزمه‌تگوزارييه‌‌‌. به‌په‌رۆشه‌وه‌ چاوه‌ڕوانین‌ كه‌رتى تايبه‌ت و وه‌به‌رهێنانى ئه‌مه‌ريكى، لێره‌ ڕۆڵێكى گه‌وره‌ بگێڕێت. ده‌توانن له‌گه‌ڵ كه‌رتى تايبه‌تى ناوخۆ، له‌گه‌ڵ حكوومه‌تيش كار بكه‌ن.

جگه‌ له‌ په‌يوه‌ندى و پشتگيريى سياسى و ئه‌منى و يارمه‌تيى مرۆيى، ‌ پشتگيريى ئابوورى و بازرگانى، وه‌به‌رهێنان و سه‌رمايه‌گوزاريى ئه‌مه‌ريكيش، ده‌بێته‌ هۆی سه‌قامگیری و ڕێزگرتن له‌ قوربانیانی هه‌موو لایه‌كمان‌ له‌ عێراق. ئێوه ده‌توانن له‌ زۆر بوارى ئاوه‌دانكردنه‌وه‌، ژێرخان و په‌ره‌پێدانى كه‌رته‌كانى خزمه‌تگوزارى، ته‌كنه‌لۆژيا، په‌يوه‌ندى و گه‌ياندن، بانكدارى، ته‌ندروستى، په‌روه‌رده‌، زانستى، پيشه‌سازى، كشتوكاڵ و گه‌شتياريدا، وه‌به‌رهێنان له‌ هه‌رێمی كوردستان بكه‌ن.

پێشتر كۆمپانيا ئه‌مه‌ريكييه‌كان له‌ بوارى وزه‌ و له‌ چه‌ند بوارێكى بازرگانى و وه‌به‌رهێناندا لێره‌ كاريان كردووه‌. زۆر سوپاسيان ده‌كه‌ين كه‌ له‌ دۆخى سه‌ختى ڕابردوودا، ئێمه‌يان جێنه‌هێشت. له‌م قۆناغه‌ و له‌ داهاتووشدا، به‌شدارى و هاوبه‌شيى زياتر و كاراترى كۆمپانيا و سه‌رمايه‌ و وه‌به‌رهێنانى ئه‌مه‌ريكى، ده‌بێته‌ هۆی پته‌وكردنی په‌یوه‌نديی گه‌لی ئه‌مه‌ریكی و گه‌لانی ئه‌م ناوچه‌یه‌.


هه‌رێمى كوردستان زه‌مينه‌يه‌كى له‌باره‌ بۆ وه‌به‌رهێنان و سه‌رمايه‌گوزارى. لێره‌ ئاسانكارى، پشتگيرى و هاوكارى بۆ وه‌به‌رهێنان ده‌دۆزنه‌وه‌. هه‌رێمى كوردستان له‌ بوارى وه‌به‌رهێنان و سه‌رمايه‌گوزاريدا، له‌ پشتگيرى و ئاسانكاريدا بۆ هاندانى وه‌به‌رهێنان، چيرۆكێكى سه‌ركه‌وتووی هه‌یه‌ له‌ عێراقدا.

هه‌ميشه‌ كارمان كردووه‌، بۆ ئه‌وه‌ى ياساى وه‌به‌رهێنانمان سه‌رده‌مانه‌ و گه‌ره‌نتيی وه‌به‌رهێنان ‌بێت. ياسايه‌ك بتوانێت زۆر سه‌رمايه‌ و وه‌به‌رهێنانى بيانى بهێنێته‌ هه‌رێمى كوردستان. چالاكيى ئابوورى و بازرگانيى فراوان ئه‌نجام بده‌ن.

هه‌ميشه‌ هه‌وڵمان داوه‌، كارمان كردووه‌ و كار ده‌كه‌ين بۆ ئه‌وه‌ى كه‌موكوڕى، لاوازى، ڕۆتين و به‌ربه‌ست، له‌به‌رده‌م وه‌به‌رهێنان لابه‌رين. چاكسازيى ياسايى و كارگێڕى و به‌تايبه‌تى كارگێڕيى داراييمان كردووه‌. ڕووبه‌ڕووى كارى ناياسايى و گه‌نده‌ڵى بووينه‌ته‌وه‌.

له‌سه‌ر ئه‌وه‌ به‌رده‌وام ده‌بين. حكوومه‌ت و په‌رله‌مان هان ده‌ده‌ين، تا له‌ ڕووى ياسايى و شه‌فافيه‌ت و ئاسانكارييه‌وه‌، زه‌مينه‌ى له‌بارتر بۆ وه‌به‌رهێنان فه‌راهه‌م بكه‌ن. تاكو دڵنيايى و پشتئه‌ستووريى زياترى ياسايى و كارگێڕى بدينه‌ وه‌به‌رهێنه‌ران.

ده‌مانه‌وێت هه‌ست به‌ دڵنيايى و گه‌ره‌نتى بكه‌ن كه‌ له‌ شوێنى دروست و له‌ ژينگه‌يه‌كى ياسايى و كارگێريى ته‌ندروستدا وه‌به‌رهێنان و سه‌رمايه‌گوزارى ده‌كه‌ن. دڵنياتان ده‌كه‌ينه‌وه‌ كه‌ هه‌موو پشتگيرييه‌كى ئێمه‌تان هه‌يه‌. وه‌به‌رهێنان و مافه‌كانتان له‌ هه‌رێمى كوردستان پارێزراوه‌.

به‌ڕێزان،

ئێمه‌ له‌گه‌ڵ حكوومه‌تى فيدراڵيى عێراق قۆناغێكى نوێى په‌يوه‌نديمان ده‌ستپێده‌كه‌ینه‌وه‌‌. له‌سه‌ر بنه‌ماى ده‌ستوور و فيدراڵى، هه‌نگاوی تازه‌ى هاوكارى و هه‌ماهه‌نگى و هاوبه‌شيمان ده‌بێت. ده‌بێ هه‌ردوولامان وانه‌ له‌ هه‌ڵه‌كانى ڕابردوو وه‌ربگرين. ده‌بێ بۆ هه‌نگاونان به‌ره‌و ئاينده‌يه‌كى باشتر، سووديان لێ ببينين.

هه‌وڵى جددى و دڵسۆزانه‌ له‌ هه‌ردوولا هه‌يه‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنى هه‌موو كێشه‌كان. په‌يوه‌نديى باشى هه‌ولێر و به‌غدا، ڕه‌نگدانه‌يه‌وه‌كى باشى هه‌يه‌ له‌سه‌ر چالاكيى ئابوورى و بازرگانى و وه‌به‌رهێنان، له‌ هه‌رێمى كوردستان و له‌ ته‌واوى عێراق.

په‌ره‌پێدانى چالاكيى ئابوورى و بازرگانيتان له‌ هه‌رێمى كوردستان، به‌ ته‌نيا پرۆسه‌يه‌كى ئابوورى و بازرگانى نييه‌. به‌شدارى و هاوبه‌شييه‌كى كارايه‌ له‌ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ و بنياتنانه‌وه‌ى ژيان و مرۆڤيش، له‌ وڵاتێكدا كه‌ ئازار و ده‌رده‌سه‌رى و كاره‌ساتى گه‌وره‌ى بينيوه‌. هاوبه‌شييه‌ له‌ گه‌ڕاندنه‌وه‌ى ئومێد بۆ ئاواره‌ و په‌نابه‌ران له‌ هه‌موو پێكهاته‌كان. هاوبه‌شييه‌ له‌ پرۆسه‌ى ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ى شوێنه‌كانيان.

هه‌موو كار و چالاكييه‌كى ئێوه‌، ده‌رفه‌تى كار و بنياتنانى ژيانێكى تازه‌ بۆ كه‌سێك، بۆ خانه‌واده‌يه‌ك دابين ده‌كات. گه‌لى كوردستان به‌ سروشت كۆمه‌ڵگه‌يه‌كى كراوه‌يه‌. حه‌زى له‌ بنياتنانى پردى په‌يوه‌ندييه‌ له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى. ئێمه‌ بڕوامان به‌ بازاڕى ئازاد و كراوه‌ هه‌يه‌.

ئێوه‌ ده‌توانن له‌گه‌ڵ يه‌كێتيى ژووره‌كانى‌ بازرگانى و پيشه‌سازى و كه‌رتى تايبه‌ت، كار و پرۆژه‌ى هاوبه‌ش ئه‌نجام بده‌ن. ئێمه‌ بڕوايه‌كى ته‌واومان به‌ گرنگى و ڕۆڵ و كاريگه‌ريى كه‌رتى تايبه‌ت هه‌يه‌. به‌ره‌وپێشبردنى بواره‌‌ جياكان و دابينكردنى پێداويستيی وڵات، بێ كه‌رتى تايبه‌ت كه‌ داینه‌مۆی سه‌ره‌كییه‌ بۆ هه‌ر به‌ره‌وپێشچوونێك، سه‌ركه‌وتوو نابێت.

ئه‌زموونى زياتر له‌ (15) ساڵى ڕابردووى كه‌رتى تايبه‌ت له‌ هه‌رێمى كوردستان، ڕێنيشانده‌رمانه‌. به‌ فێربوون له‌ ڕابردوو، هه‌نگاوه‌كانى داهاتوومان باشتر ده‌كه‌ين. له‌ قۆناغه‌كانى داهاتوودا، كه‌موكوڕى و به‌ربه‌سته‌كانى ڕابردوو لاده‌به‌ين. زه‌مينه‌ بۆ چالاكيى ئابوورى و بازرگانى و وه‌به‌رهێنان، باشتر ده‌كه‌ين.

ئيمزاكردنى ياداشتنامه‌كه‌تان ئه‌مڕۆ، كارێكى گرنگه‌. هه‌نگاوێكى دروست و پێويسته‌. ته‌واو له‌ كاتى خۆيدايه‌. ژوورى بازرگانيى ئه‌مه‌ريكى، گه‌وره‌ترين ڕێكخراوى بزنسى جيهانه. زياتر له‌ (100) نووسينگه‌ى له‌ جيهان هه‌يه‌‌. ده‌رگاى زياتر له‌ سێ مليۆن كۆمپانياى ئه‌مه‌ريكى، به‌سه‌ر هه‌رێمى كوردستان و عێراقدا ده‌كاته‌وه‌. لێره‌ش بازاڕێكى گه‌وره‌ بۆ كۆمپانيا ئه‌مه‌ريكييه‌كان دروست ده‌كات.

پيرۆزباييتان لێده‌كه‌م. هيواى سه‌ركه‌وتنان بۆ ده‌خوازم. سوپاس بۆ هه‌موو ئه‌وانه‌ى له‌ هه‌رێمى كوردستان و له‌ ئه‌مه‌ريكا كاريان كرد بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌م ياداشته‌ ئيمزا بكرێت.

سوپاسى يه‌كێتيى ژووره‌كانى بازرگانى و پيشه‌سازيى هه‌رێمى كوردستان ده‌كه‌م. ئه‌وان هه‌ميشه‌ هه‌وڵيان داوه‌ په‌يوه‌نديى بازرگانى و ئابووريى هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ جيهان، فراونتر بكه‌ن. هيوادارم له‌ داهاتوويه‌كى زۆر نزيكدا، ڕه‌نگدانه‌وه‌ى باشى ئه‌م هه‌نگاوه‌ له‌ هه‌رێمى كوردستان و له‌ عێراقيش ببينين.

به‌خێرهاتنى ئه‌و كۆمپانيا ئه‌مه‌ريكيانه‌ ده‌كه‌م كه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌م شانده‌ هاتوون. ئێمە دەزانین جیهان شوێنی کێبڕکێە و کوردستانیش وەک هەر بازارێکی تر دەبێ کێبڕکێ بکات. بڕوام زۆرە کە فەرهەنگی کراوە و میواندۆستيی ئێمە، ویست و ئارەزووی ئێمە بۆ هاوبه‌شى، پشتگیریی ئێمە لە وەبەرهێنانی خۆماڵی و دەرەکی، کوردستان دەکاته‌ شوێنێکی تایبەت بۆ بازرگانی و وەبەرهێنان.

خۆشحاڵین کە کارێکی زۆر کراوە بۆ دامەزراندنی ژوورى بازرگانيى ئه‌مه‌ريكى له‌ هه‌نده‌ران AmCham (ئامچام) لە هەرێمی کوردستان. هیوادارین پشتگیریی لە چالاکییەکانی بکرێت بۆ هاندان و بەهێزترکردنی پەیوەندیی نێوان هه‌ردوولا.

دووباره‌ به‌خێرهاتنى هه‌موو لايه‌كتان ده‌كه‌م، به‌تایبه‌تیش ده‌مه‌وێت سوپاسی نوێنه‌رایه‌تیی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ ئه‌مه‌ریكا خاتوو به‌یان سامی عه‌بدلڕه‌حمان بكه‌م كه‌ ئه‌مڕۆ له‌گه‌ڵ شانده‌كه‌ ته‌شریفی هێناوه‌ و ئه‌و كه‌سانه‌ی له‌گه‌ڵ ئه‌و له‌ ئۆفیس كاریان كردووه‌، هه‌ر هه‌موویان ڕۆڵێكی زۆر گه‌وره‌یان بینیوه‌ بۆ ڕێكخستن و هێنانی ئه‌م شانده‌.

هه‌موولایه‌كتان به‌خێر بێن