بۆ رێگرتن لە بەرزبوونەوەی نرخ لە بازاڕەکانی کوردستان، وەزارەتی بازرگانی ھەرێم بڕیاریدا ھەناردەکردنی ھێلکە بۆ ناوەڕاست و باشووری عێراق رابگرێت.
ماوەی چەند رۆژێکە نرخی ھێلکە لە بازاڕەکانی ھەرێمی کوردستان بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینیوە، وەک ھەوڵێکیش بۆ رێگرتن لەو حاڵەتە، وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی ھەرێم بڕیاریدا بە راگرتنی ھەناردەکردنی ھێلکە لە شارەکانی ھەرێمەوە بۆ شارەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق.
بەپێی زانیارییەکان “نەوزاد ئەدھەم” بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی ھەرێم رایگەیاندووە، وەزارەت بڕیارەکەی داوە و پارێزگاکانیش جێبەجێی دەکەن.
بەرزبوونەوەی نرخی ھێلکە لە بازاڕەکان دوای بڕیارێکی حکومەتی عێراق دێت بە راگرتنی ھاوردەکردنی ھێلکە لە بازاڕەکانی وڵاتانی دراوسێ بە تایبەتی تورکیا، تا دەرفەتێک بدرێتە بازرگانی ناوخۆیی.