وه‌زاره‌تی كاره‌بای هه‌رێم بۆ به‌رهه‌مهێنانی كاره‌با پشت به‌ وزه‌ی خۆر ده‌به‌ستێت

وه‌زاره‌تی كاره‌با گرێبه‌ست له‌گه‌ڵ چه‌ند كۆمپانیایه‌كدا ده‌كات، بۆ به‌رهه‌مهێنانی كاره‌با به‌ وزه‌ی خۆر.

دیار تاهیر به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی به‌رهه‌مهێنانی وزه‌ی كاره‌با له‌وه‌زاره‌تی كاره‌با ئاشكرایكرد، رێكه‌وتنیان له‌گه‌ڵ چه‌ند كۆمپانیایه‌كدا كردوه‌ بۆ دامه‌زراندنی وێستگه‌ی به‌رهه‌مهێنانی كاره‌با له‌سه‌رچاوه‌ی وزه‌ی خۆره‌وه‌.

راشیگه‌یاند: له‌ئێستادا لێكۆڵینه‌وه‌كانیان ئاماده‌كردوه‌و له‌گه‌ڵ كۆمپانیا ناوخۆیی و جیهانییه‌كاندا له‌گفتوگۆدان و زانیارییه‌كان ئاڵوگۆڕ ده‌كه‌ن تاوه‌كو بتوانن ره‌زامه‌ندی سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی پێ وه‌ربگرن و به‌شێوه‌یه‌كی وه‌به‌رهێن جێبه‌جێ بكرێت.

وتیشی: به‌پێی لێكۆڵینه‌وه‌كان هه‌رێمی كوردستان زۆر گونجاوه‌ بۆ به‌رهه‌مهێنانی كاره‌با له‌سه‌رچاوه‌ی وزه‌ی خۆرو له‌ئێستاشدا له‌شاری هه‌ولێر دوو ساڵه‌ سێ پرۆژه‌ی بچكووك جێبه‌جێكراوه‌ كه‌ له‌لایه‌ن نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كانه‌وه‌ بودجه‌كه‌ی بۆ دابینكرابوو كه‌ ئه‌وانیش دوو خوێندنگه‌ن له‌عه‌نكاوه‌و كۆیه‌، له‌گه‌ڵ نه‌خۆشخانه‌یه‌ك له‌كه‌سنه‌زان و 24 سه‌عات وزه‌ی كاره‌با بۆ ئه‌و سێ دامه‌زراوه‌یه‌ دابین ده‌كه‌ن، ئه‌وه‌ش ته‌نها وه‌كو تێستێكی سه‌ره‌تایی بووه‌و سه‌ركه‌وتوو بوون.