یەكێتی مامۆستایان لەبارەی پێدانی ئۆتۆمبێلی قیست بەمامۆستایان ڕونكردنەوە دەدات


جێگری سكرتێری یەكێتی مامۆستایانی كوردستان رایدەگەیەنێت، ڕێككەوتنی یەكێتی مامۆستایان لەگەڵ كۆمپانیاكان بۆ پێدانی ئۆتۆمبێل بە مامۆستایان بە شێوەیەی قیست هێشتا لە قۆناغی گفتوگۆدایە و نەگەیشتوونەتە ڕێككەوتنی كۆتایی.

عەبدولواحید محەمەد، جێگری سكرتێری یەكێتی مامۆستایانی كوردستان لە ڕونكردنەوەیەكدا ڕایگەیاند، لەبارەی “هەوڵەكانمان بۆ پەیداكردنی ئۆنۆمۆبیل كە بەشێك لە مامۆستایان داوای دەكەن، قسەمان لەگەڵ كۆمپانیایەك كردووە و گفتوگۆمان لەسەر كردووە و ئەوانیش پێیان باش بوو، دوای چەند دانیشتنێك ڕایانگەیاند ئەوان پرۆژەیەكی تایبەتیان بۆ مامۆستایان هەیە، ئێمەش وتمان دەبێت وردەكاریمان بدەنێ لەسەر جۆری سەیارەكان، نرخەكانیان، شێوازی دانی قستەكان ، وتیان ئێمە دراسەتی دەكەین و ئێمەش هەندێك داواكاریمان هەیە.”

دەشڵێت، “، لە ساڵی 2013دا گرێبەستێكمان هەبوو لەگەڵ كۆمپانیایەك، ژمارەیەك مامۆستاش ئەو كات سودمەندبوون ، بەڵام بەهۆی قەیرانی داراییەوە وەستا و بەمدواییە كە موچە نەختێك باشبوو، ژمارەیەك مامۆستا لە ڕێگەی لقەكانەوە داوای ئەوەیان كرد یان گرێبەستەكە نوێ بكرێتەوە یان هی تازە بكرێت.”

عەبدولواحید محەمەد دەشڵێت، “بەڕێزان ئێمە هێشتا لە قۆناغی گفتوگۆداین نەگەیشتوینەتە ڕێككەوتن، بێگومان ئەگەر ڕێكبكەوین بە ڕەسمی لەلایەن مەكتەبی سكرتاریەت و لایەنی بەرامبەر ئاشكرا دەكرێت.”

ئاماژەی بەوەشكردووە، “بەداخەوە لە سایت و پەیجەكان بە جۆرەها شێوە نوسراوە كە زانیاریەكان خراپ گەیەنراون، لەوبارەیەوە پێویستە چاوەڕێێ كۆتایی گفتوگۆكان بكەین بەرەسمی ڕابگەیێنرێت، مەرجیش نییە هەموو گفتوگۆیەك ئەنجامەكەی ئیجابی بێت، چونگە ئێمە ئەگەر شتێك لە قازانجی مامۆستایان یان پێیان قبوڵ نەبێت نایكەین.”