عێراق.. ئاماری بەرھەمھێنانی نەوت لە چارەکی یەکەمی ئەمساڵ بڵاوده‌كاته‌وه‌


وەزارەتی پلاندانانی عێراق ئامارێکی سەبارەت بە بەرھەمھێنانی نەوت لە چارەکی یەکەمی ئەمساڵ لە وڵاتەکەی بڵاوکردەوە.

ئامارەکە لە لایەن دەزگای ناوەندی ئامار سەربە وەزارەتی پلاندانان بڵاوکراوەتەوە و تیادا ھاتووە:” بەرھەمھێنانی نەوت لە چارەکی یەکەمی ئەمساڵدا، گەیشتووەتە ٤٠٨ ملیۆن و ٥٨٥ ھەزار بەرمیل “.

لە ئامارەکەدا ئەوە خراوەتەڕوو کە ھەر لە چارەکی یەکەمی ئەمساڵدا، ٣٥٧ ملیۆن و ٨٠٠ ھەزار بەرمیل نەوت ھەناردەکراوە کە ھەر بەرمیلێکی بە ٦٠ دۆلار و چوار سەنت فڕۆشراوە.

حکوومەتی فیدراڵ لە ناوەڕاستی مانگی تشرینی یەکەمی رابردوودا، ھەناردەکردنی نەوت لە کێڵگەکانی کەرکووک دەستپێکردووە کە ماوەی ساڵێک بوو راوەستابوو.

عێراق بۆ دەستەبەرکردنی داھاتی ساڵانەی دەبێت بەڕێژەی ٩٧ لەسەدا نەوتی خاو ھەناردەی دەرەوە بکات.