نرخی ھێلکە بەرێژەیەکی بەرچاو بەرزبۆته‌وه‌


بەھۆی جێبەجێکردنی بڕیاری وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق سەبارەت بە قەدەغەکردنی ھاوردەکردنی ھێلکە،ماوەی چەند ڕۆژێکە لە بازاڕەکانی شارەکانی هەرێمی کوردستان ھێلکە زۆر کەم بووەتەوە و لە هەندێک شوێن نەماوە، ئەوەش نرخی ھێلکەی بەرێژەیەکی بەرچاو بەرزکردووەتەوە.

سۆران عەبدولغەفور بەرێوەبەری چاودێریی بازرگانیی سلێمانی راگەیاند: دوای بڕیارێکی حکومەتی عێراق، بۆ راگرتنی  ھاوردەکردنی ھێلکە لە تورکیاوە، رێژەی ھێلکە لە بازاڕەکانی ھەرێمی کوردستان بەرێژەیەکی بەرچاو کەمبووەتەوە، ئەوەش نرخی ھێلکەی بەرزکردووەتەوە. 

راشیگەیاند: لە ماوەی رابردوودا، زیاتر لە 10 بۆ 15 ملیۆن ھێلکە ھەناردەی بازارەکانی سلێمانی دەکران، بەڵام دوای ئەو بڕیارە ھێلکە نایەتە بازاڕەکانەوە.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا “لە ئێستادا ھەم وەزارەتی کشتوکاڵی ھەرێم ھەم ئێمەش وەک لایەنە پەیوەندیدارەکانی پارێزگای سلێمانی لە ھەوڵی دۆزینەوەی ڕێگە چارەسەرێکین کە گرنگترینیان ھەڵوەشانەوەی بڕیارەکەو دەست کردنەوەیە بە ھاوردەکردنی ھێلکە چونکە بەرھەمی ناوخۆ ھێلکە کە ھەمانە بەشی پێداویستی ناوخۆمان ناکات”.

لە ماوەی رابردوودا، وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق، داوایەکی تورکیای سەبارەت بە دەستپێکردنەوەی ھەناردەی ھێلکەی تورکی رەتکردەوە و بریاریدا بەردەوام بێت لەسەر بریاری راگرتنی ھاوردەی ھێلکە لەو ولاتەوە.