نرخی نەوت زیاتر بەرزبووەوە

نرخی نەوت لە بازاڕەكانی دنیا ڕووی لە بەرزبوونەوە زیاتر كرد و نزیكەی دۆلارێك و 30 سه‌نت لە نرخی هەر بەرمیلێكی هەڵكشا.

ئەمڕۆ هه‌ینى 21ى حوزه‌یران، نرخی هەر بەرمیلێك لە نەوتی برێنت لە 63 دۆلار بەرز بووەتەوە بۆ 64 دۆلار و 40 سەنت، هاوكات نرخی نەوتی wti یان تەكساس لە 55 دۆلاره‌وه‌ بۆ 56 دۆلار و 26 سەنت هەڵكشاوە.

گرنگترین هۆكاری بەرزبوونەوەی نرخی نەوت بۆ نوێترین ئاماری نەوتی كۆگاكراوی ئەمەریكا دەگەڕێتەوە كە بە پێچەوانەی پێشبینییەكان بە رێژەیەكی بەرچاو دابەزیوە. 

پێشبینییەكە ئەوە بوو نەوتەكە لە ماوەی هەفتەیەكدا یەك ملیۆن بەرمیل كەم ببێتەوە، بەڵام سەرووی سێ ملیۆن بەرمیل دابەزیوە.

ئاڵۆزییەكانی ناوچەی كەنداو و هێرشكردنە سەر كەشتییە نەوتهەڵگرەكان و بەردەوامبوونی سزاكانی ئەمەریكا بۆ سەر ئێران و ڤەنزوێلا لە هەفتەكانی رابردوو نرخی نەوتیان بەرز كردووەتەوە.

شایه‌نى باسه‌ دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا لە بەرانبەر خستنە خوارەوەی فڕۆكەیەكی بێ فڕۆكەوانی ئەمەریكی لەلایەن ئێرانەوە رای گەیاند كە هەڵەیەكی گەورەی ئەنجام داوە، نرخی نەوتی خاو لە بازاڕەكانی دنیا بە رێژەی 5% بەرز بوویه‌وه‌.