فڕۆكه‌ی كۆمپانیا ئه‌مریكییه‌كان له‌ كایه‌ ئاسمانییه‌كانی ژێر كۆنترۆڵی ئێران نافڕن


له‌ دوای ئه‌وه‌ی كه‌ ئێران فڕۆكه‌یه‌كی بێفڕۆكه‌وانی ئه‌مریكی خسته‌خواره‌وه‌، فه‌رمانگه‌ی فیدڕاڵیی گه‌شته‌ ئاسمانییه‌كانی ئه‌مریكا ئاشكرایكرد كه‌ قه‌ده‌غه‌ی خستووه‌ته‌ سه‌ر فڕینی فڕۆكه‌ی سه‌ر به‌ كۆمپانیا ئه‌مریكییه‌كانی گه‌شته‌ ئاسمانییه‌كان له‌و كایه‌ ئاسمانییانه‌ی له‌ هه‌ریه‌ك له‌ كه‌نداوی به‌سڕه‌ و كه‌نداوی عومان له‌ژێر كۆنترۆڵی ئێراندان.

له‌ راگه‌یه‌نراوێكدا كه‌ له‌لایه‌ن فه‌رمانگه‌ی فیدڕاڵیی گه‌شته‌ ئاسمانییه‌كانی ئه‌مریكا بڵاوكراوه‌ته‌وه‌، باس له‌ هه‌ڵكشانی گرژییه‌كان و بۆشایی ئه‌منیی له‌ ناوچه‌كه‌ كراوه‌.

له‌ راگه‌یه‌نراوه‌كه‌دا باس له‌وه‌كراوه‌ كه‌ له‌و كاته‌ی كه‌ فڕۆكه‌ بێفڕۆكه‌وانه‌ ئه‌مریكییه‌كه‌ خراوه‌ته‌ خواره‌وه‌، ژماره‌یه‌كی زۆر فڕۆكه‌ی گه‌شته‌ ئاسمانییه‌ سڤیله‌كان له‌ ناوچه‌كه‌دا بوون و، نیگه‌رانیی له‌ به‌رزبوونه‌وه‌ی گرژییه‌كان له‌ ناوچه‌كه‌، هه‌یه‌.

فه‌رمانگه‌ی فیدڕاڵیی گه‌شته‌ ئاسمانییه‌كانی ئه‌مریكا به‌هۆی چڕی گه‌شته‌ ئاسمانییه‌ سڤیله‌كانه‌وه‌، بڕیارێكی له‌وشێوه‌یه‌ی به‌ پێویست زانیوه‌.

دوێنێ له‌وباره‌یه‌وه‌ سه‌رۆكی ئه‌مریكا، دۆناڵد تره‌مپ له‌ كۆشكی سپی وه‌ڵامی پرسیاری رۆژنامه‌وانانی دایه‌وه و سه‌باره‌ت به‌ خستنه‌ خواره‌وه‌ی فڕۆكه‌یه‌كی بێفڕۆكه‌وانی ئه‌مریكی له‌لایه‌ن ئێرانه‌وه‌، رایگه‌یاند “هه‌ڵه‌یه‌كی زۆر گه‌وره‌یان كرد. فڕۆكه‌ بێفڕۆكه‌وانه‌كه‌ له‌ كایه‌ی ئاسمانیی نێوده‌وڵه‌تییدا بوو، ئاماده‌ین بۆ سه‌لماندنی ئه‌مه‌ له‌ رووی زانستییه‌وه‌. له‌ داهاتوویه‌كی نزیكدا (ئه‌وه‌ی كه‌ ئه‌مریكا پلانی هێرشكردنه‌ سه‌ر ئێرانی هه‌یه‌ یان نا) ده‌بینن”.