ژمارەیەك كۆمپانیای بیانی فڕینی فڕۆكەكانیان بە ئاسمانی گەرووی هورمزدا رادەگرن

ژمارەیەك كۆمپانیای ئوسترالی و هۆڵەندی بڕیاریاندا ئاڕاستەی فڕینی فڕۆكە مەدەنییەكانیان لەو بەشەی ئاسمانی گەرووی هورمزدا دووربخەنەوەكە لەژێر كۆنترۆڵی ئێراندایە.  

سەرچاوەكانی هەواڵ بڵاویانكردووەتەوە، هەریەك لە كۆمپانیای فڕۆكەوانی ” كوانتاس”ی ئوسترالی و “كەی . ئێڵ. ئێم”ی هۆڵەندی بڕیاریانداوە ئاڕاستەی گەشتی فڕۆكەكانیان لەو بەشەی ئاسمانی گەرووی هورمزدا دووربخەنەوە كەلەژێر كۆنترۆڵی ئێراندایە.

پێشتر ئیدارەی فڕۆكەوانی فیدراڵی ئەمریكا بەبڕیارێك، فڕینی فڕۆكە مەدەنییەكانی ئەو وڵاتەی لەو بەشەی ئاسمانی گەروی هورمزو كەنداوی عومماندا قەدەغەكرد كە لەژێر كۆنترۆڵی ئێراندایە.

ئەو هۆشداری و بڕیارانە لەكاتێكدا دێن، بەرەبەیانی پێنجشەممە 20ی حوزەیرانی 2019 ئێران فڕۆكەیەكی بێفڕۆكەوانی ئەمریكای لە جۆری (RQ-4 Global Hawk) خستەخوارەوە، سوپای پاسداران دەڵێت، بە مووشەكی سێی خورداد فڕۆكەكەیان خستووەتەخوارەوە.