تویتەكەی ترەمپ لەبارەی ئێران نرخی نەوت بەرز دەكاتەوە

دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا لە بەرانبەر خستنە خوارەوەی فڕۆكەیەكی بێ فڕۆكەوانی ئەمەریكی لەلایەن ئێرانەوە رای گەیاند كە هەڵەیەكی گەورەی ئەنجام داوە، نرخی نەوتی خاو لە بازاڕەكانی دنیا بە رێژەی 5% بەرز دەبێتەوە. 

بەو هۆیەوە ئەمڕۆ نرخی تێكەڵی ئەمەریكی رۆژئاوای تەكساس تا سەعات 17:27 بە كاتی مۆسكۆ بە 56.37 دۆلار بۆ بەرمیلێك مامەڵەی پێ كرا، واتە بە بەرزبوونەوە بە رێژەی 4.85% بە بەراورد بە نرخی داخستنی بازاڕ پێشتر. لەوكاتەی گرێبەستەكانی برێنت بە 61.10 دۆلار بۆ بەرمیلێك مامەڵەی پێ كرا، واتە بە زیادبوونی رێژەی 3.69%.

راپۆرتەكانی تەلەڤزیۆنی ئەمەریكی رایان گەیاند كە ئەمڕۆ پێنجشەم ترەمپ لەگەڵ بەرپرسانی وەزارەتی بەرگری كۆبووەتەوە بۆ تاوتوێكردنی وڵامدانەوەی هێرشەكەی ئێران كە رەنگە لە ماوەی چەند سەعاتی داهاتوو بڕیاری لەسەر بدرێت، لەوكاتەی ئاماژە بۆ ئەوە دەكرێت كە كۆشكی سپی لە دۆخێكی نائاساییدایە و ئیدارەی ئەمەریكا لەو بارەوە لەگەڵ كۆنگرێس قسەی كردووە.

لەوكاتەی ئێران سكاڵای لە دژی ئەمەریكا لە نەتەوە یەكگرتووەكان تۆمار كردووە بەوەی پێشێلی بواری ئاسمانی كردووە، ئەمەریكا دەڵێت پاشماوەی تێكشكاوی فڕۆكەكەیان لەناو ئاوی نێودەوڵەتی دۆزیوەتەوە، هاوكات فازڵ بەدرانی شرۆڤەكاری ستراتیجی عێراق پێشبینی پەرەسەندنی سەربازی ئەمەریكا دەكات لە دوای رووداوەكە.

ئەمڕۆ گۆڕانكارییەكی گەورە لە ئاڵۆزییەكانی كەنداو دروست بوو كاتێك ئێران فڕۆكەیەكی بێ فڕۆكەوانی ئەمەریكای خستە خوارەوە، لەوكاتەی چاودێران پێشبینی وڵامدانەوەیەكی سەربازی ئەمەریكا دەكەن، دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا رای گەیاند كە ئێران هەڵەیەكی گەورەی ئەنجام داوە.

ترەمپ ئەمڕۆ پێنجشەم دوای رووداوەكەی بەیانی ئەمڕۆ كە هێزەكانی ئێران فڕۆكەیەكی بێ فڕۆكەوانی ئەمەریكاییان لە نزیك گەرووی هورمزدا خستە خوارەوە، لە لاپەڕی خۆی لە تویتەر نووسیویەتی، ئێران هەڵەیەكی گەورەی ئەنجام داوە، وەك ئاماژەیەك بۆ رووداوەكە.

دوای رووداوەكە ئەمڕۆ پێشبینی كردەیەكی سەربازی ئەمەریكا لەدژی ئێران زیاتر بوو و لەو بارەوە ڤلادیمێر پووتین سەرۆكی رووسیا هۆشداری دا كە هەر كردەیەكی سەربازی لە دژی ئێران كارەسات لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دروست دەكات.