نووسینگەی سەرکۆماری عێراق بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ سەرکۆماری عێراق، بەرهەم ساڵح لە کۆشکی سەلام لە بەغدا، پێشوازی لە وەزیری بازرگانی تورکیا، روخسار پەکچان و شاندی یاوەری کرد.
سەرکۆماری عێراق، بەرهەم ساڵح جەختی لەوە کردەوە کە تەواوکاری ئابووری و پەیوەندی وڵاتانی ناوچەکە و پەرەپێدانی ژێرخانی ئابووری رێگا چارەیەکە بۆ بەدیھێنانی ئاشتی و ئاسایش و گەشەسەندنی ناوچەکە، ھاوکات ئاماژەیداوە بەگرنگی پەرەپێدان و بەرزکردنەوەی ئاستی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان عێراق و تورکیا و بەشداریکردنی کۆمپانیا تورکییەکان لە ئاوەدانکردنەوەی عێراق و سوود وەرگرتن لە شارەزاییان لە بوارە جیاوازەکاندا کە زامنی پەرەپێدانی ئابووری عێراق و دەستەبەری دەرفەتی کار بکات.
وەزیری بازرگانی تورکیا، روخسار پەکچان ئاماژەی کردووە بەو رێوشوێنانە کە سەبارەت بە ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە نێوان ھەردوو وڵات گرتوویانەتە بەر، ھەروەھا جەختی لە گرنگی فراوانکردنی ئاسۆی ھاریکاری لە گشت بوارەکاندا کردەوە بە جۆرێک لە خزمەت بە بەرژەوەندییە ھاوبەشەکانی ھەردوو گەلی دۆستدا بێت.