حکومەتى هەرێم زیاتر لە ساڵێکە وەڵامى یانزە داواکاریى سەرۆکایەتیى شارەوانیی سلێمانى ناداتەوە، کە تیایدا داواى جێبەجێکردنى پڕۆژەکانیان کردووە، سەرۆکى شارەوانیى سلێمانیش ئاشکرای دهکات بۆ جێبهجێکردنی پڕۆژهکان پێویستیان به یهک ملیار دینارە.
زیاتر لە ساڵێکه سەرۆکایەتیى شارەوانیى سلێمانى بە مەبەستى جێبەجێکردنى پڕۆژەى ستراتیجى ١١ نووسراوى جیاوازى پێشکەش بە وەزارەتى شارەوانى و ئەنجوومەنى وەزیران کردووە، بەڵام تا ئێستا بە بیانووى قەیرانى دارایی وەڵامى هیچ یەکێک لە نووسراوەکانیان نەدراوەتەوە.
توانا کەمال جەلال، سەرۆکى شارەوانیى سلێمانى رایگهیاند: ״چەندین نووسراومان بۆ وەزارەتى شارەوانى و ئەنجوومەنى وەزیران کردووە، بەڵام تا ئێستا بە فەرمى وەڵاممان نەدراوەتەوە و تا ئێستاش لە ڕووى مەیدانى و کردارییەوە، هیچ بڕیارێک بۆ جێبەجێکردنى پڕۆژەکانمان نییە.״
وتیشى: ״کۆى داهاتى شارەوانییەکان پێک هاتووە لە فرۆشتنى زەوییەکان ئەمەش لەسەر بڕیارى وەزیر خەرج دەکرێت، لەگەڵ ١٧%ی داهاتى ساڵانە کە دوو ملیار دینارە و ماوەى پێنج ساڵە بودجەى شارەوانییەکان خەرج نەکراوە، لەو کاتەوە زۆرینەى پڕۆژەکانمان پەکیان کەوتووە و ڕاگیراون، بۆ جێبەجێکردنى هەموو پڕۆژەکانیش لانیکەم پێویستمان بە یەک ملیار دینار هەیە.״
سەرۆکى شارەوانیى سلێمانى وتیشی: ״لە ئێستادا پڕۆژەیەکى زۆرمان بۆ جێبەجێکردن هەیە، وەک درووستکردنى شەش جسر لەناو سەنتەرى شارى سلێمانى و قیرتاوکردنى شەقامەکان و درووستکردنى باخچە و شەقامى شەست مەترى، ئەمە جگە لە سیانەکردنەوەى زۆرێک لە پڕۆژەکانى ڕابردوو، هەروەها پڕۆژەى خزمەتگوزارى بۆ گەڕەکە نوێکان، وەک ئاو و ئاوەڕۆ و تێکەڵەڕێژکردنى کۆڵانەکان، گرنگترین پڕۆژە ستراتیژییەکانیش پێنج پڕۆژەى یەکتربڕن لەناو شەقامەکانى تاسڵوجە- بەکرەجۆ، مەلیک مەحمود، ناوچەى پیشەسازى، چوارچرا و تووى مەلیک.״
ئاژانس