وەزارەتی شارەوانی رەزامەندی دەرنابڕێت بۆ ئاودانی باخچەكانی شاری سلێمانی، باخچەكانیش بەرەو وشك بوون دەچن

وەزارەتی شارەوانی رەزامەندی دەرنابڕێت لەسەر دابینكردنی تانكەر بۆ ئاودانی باخچەكانی شاری سلێمانی، باخچەكانیش بەرەو وشك بوون دەچن.

ماوەی چەند مانگێكە بەڕێوەبەرایەتی باخچەكانی سلێمانی لە رێگەی سەرۆكایەتی شارەوانی سلێمانییەوە نوسراوی بۆ وەزارەتی شارەوانی كردووە تا رەزامەندی دەرببڕن لەسەر دابینكردنی 40 تانكەر بۆ ئاودانی باخچەكانی سلێمانی لە وەرزی هاویندا، بەڵام تا ئێستا وەزارەتەكە وەڵامی نوسراوەكەی نەداوەتەوەو باخچەكانیش بەرەو وشك بوون دەچن.

لەوبارەیەوە هاوژین عوسمان لێپرسراوی راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی باخچەكانی سلێمانی بە PUKmedia ی راگەیاند: سەبارەت بە پاركی ئازادی و هەندێك باخچەی شاری سلێمانی كە ئاو نادرێت و خەریكە زۆربەی دارەكان وشك دەبن، لە دەسەڵاتی ئێمەدا نییە.

وتیشی: سەرەتای هەموو ساڵێك بۆ دابینكردنی تانكەر لەڕێی سەرۆكایەتی شارەوانییەوە نوسراو ئاڕاستەی وەزارەتی شارەوانی و وەزارەتی دارایی دەكەین تا لەگەڵ دەستپێكردنی وەرزی هاویندا، تانكەرەكانمان بۆ دابین بكەن.

راشیگەیاند: ئێستا كە لەمانگی حوزەیرانداین و باخچەكان پێویستیان بە ئاودانە، وەزارەتی شارەوانی وەڵامی نوسراوەكەی نەداوینەتەوە، بۆ بەدواداچوونی نوسراوەكەشمان لیژنەیەك لە بەڕێوەبەرایەتییەكەمان سەردانی وەزارەتی شارەوانی لەهەولێر كردووە، لەسەردانەكەشدا بۆیان دەركەوتووە نوسراوەكەیان ونبووە و هەموو ساڵێكیش بەبێ هۆكار ماوەی دوو مانگ دابینكردنی تانكەر بۆ بخچەكانی سلێمانی دوا دەخەن.

ئاماژەی بەوەشكرد، وشكبوونی باخچەكانی سلێمانی لەدەسەڵاتی ئەواندا نییە و ئەگەر تانكەرەكانیان بۆ دابین نەكرێت، چونكە سەرچاوەی ئاودانیان لەرێگەی تانكەرەوە دەبێت، ئەوەی لەدەسەڵاتی كارمەندەكانماندایە وەك پاككردنەوەی باخچەكان جێبەجێیانكردووە.

سەبارەت بە وشكبوونی سەوزایی و درەختەكانی بلواری شەقامی بازنەیی مەلیك مەحمود و شەقامی تاسلوجە كە پەیوەندی بەشارەوانییەوە هەیە، زەردەشت رەفیق وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی شارەوانی سلێمانی بە PUKmedia ی راگەیاند: وەك شارەوانی سلێمانی هەموو ساڵێك ئەو باخچانە دەداتە كۆمپانیا لەڕێگەی تەندەرینەوە و ئەو كۆمپانیایانە ئەركی خزمەتكردنی چیمەن و درەختەكان دەگرنە ئەستۆ.

وتیشی: تا ئەوكاتەی تەندەرەكە دەردەچێت، بڕی 10 ملیۆن دینار دابینكراوە و ئاوی بلوارەكانی شەقامی مەلیك مەحمود و تاسلوجەی پێدەدرێت.