جووتیاران نیگەرانن لە بەرھەمی ئەمساڵ، لە رووی بڕ و جۆری گەنمەوە ساڵێکی باش نییە

ماوەی دوو ھەفتەیە لە ھەرێمی کوردستان دروێنەی بەرھەمی ئەمساڵی دانەوێڵەی جووتیاران دەستی پێکردووە، بەڵام گۆڕانی کەشوھەواو باران بارینی زۆری ئەمساڵ کاریگەری لەسەر بەرھەمی ئەمساڵی گەنم ھەبووە لە ھەرێم.

لەئێستادا و دوای دروێنەکردنی بەرھەمەکانیان، جووتیارەکان لە چاوەڕوانی وەرگرتنی بەرھەمی گەنمەکانیان لە لایەن حکوومەتی ناوەندی عێراقەوە، بە گوتەی بەرپرسانی وەزارەتی بازرگانی ھەرێم بڕیارە ئەمساڵ بەغدا نزیکەی ٣٥٠ ھەزار تۆن گەنمی جووتیارانی ھەرێم وەربگرێت.

جووتیار عەلی عارف جووتیارێکی دەشتی شارەزوورە لە نزیک ھەڵەبجە، ئەو لە بارەی بەرھەمی ئەمساڵی گەنمەوە وتی: “ئەمساڵ بە ھۆی باران بارینی زۆرەوە کاریگەری لەسەر رێژەی گەنم و جۆر و بڕەکەشی کردووە و بە گشتی بەرھەمێکی کەمترمان ھەیە”.

ئەو وتی: “بەرھەمی گەنمی ئەمساڵ بەرھەمێکی خراپە، بەجۆرێک لە ھەندێک شوێندا دەڕاسە بە دوو کاتژمێر کارکردن تانکی کۆگاکەی پڕ نەکردووە لە کاتێکدا دەبێت بە نیو کاتژمێر پڕ بێت”.

جووتیارێکی تری ئەو ناوچەیە باسی لەوە کرد، بەرھەمی ئەمساڵی گەنمەکەی خەرجی و زەحمەتەکەی قەرەبوو ناکاتەوە و بڕێکی زۆر کەم بەرھەمیان ھەبووە.

جووتیاران لەگەڵ ئەوەی نیگەرانن لە بڕ و جۆری گەنمی ئەمساڵیان، نیگەرانی زۆریشیان ھەیە لەوەی پێدانی پارەی گەنمەکانیان دوا دەکەوێت و تا ئێستا بەشێک لە پارەی گەنمی ساڵانی رابردوویان لە لای حکوومەت ماوە.

لە لای خۆیەوە بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی کشتوکاڵی ھەڵەبجە، ستار مەحمود وتی: “رووبەری چێندراو بە بەرھەمی دانەوێڵە لە سنووری بەڕێوەبەرایەتییەکەمان دەگاتە ٧٦ ھەزار دۆنم زەوی، بەرھەمی ساڵانەش دەگاتە ٤٥ تا ٥٠ ھەزار تۆن گەنم”.

ئەو باسی لەوەش کرد، بەرھەمی ئەمساڵی دانەوێڵە بە ھۆی باران بارینی زۆرەوە جیاوازی ھەیە و لە ھەندێک ناوچە بڕێکی باش گەنم بەرھەم ھاتووە و لە ھەندێک ناوچەش خراپە، بەڵام دوای وەرگرتنی نموونەی گشتی ئەوکات ئەنجامی کۆتاییان بۆ ئاشکرا دەبێت.