سەرۆک وەزیرانی عێراق، عادل عەبدولمەھدی فەرمانی دا بە پێکھێنانی لیژنەیەکی تایبەت بە وزەی کارەبا.
زاندراوە کە ئەرکی لیژنەکە تایبەتە بە بەدواداچونی بەردەوام و پێشکەشکردنی پێشنیاز و چارەسەر بۆ لابردنی ئاستەنگەکان، ھەروەھا چارەسەرکردنی بەپەلەی بارە لەناکاوەکان.
دەستەی باڵا و ھەماھەنگی نێوان پارێزگاکان بە سەرپەرشتی عادل عەبدولمەھدی و بە ئامادەبوونی ھەریەک لە جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیری دارایی، فوئاد حوسێن و پارێزگاران و سەرۆکەکانی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لەگەڵ نوێنەرانی حکوومەت لە ئەنجوومەنی نوێنەران و بریکارانی ھەردوو وەزارەتی پلاندانان و کارەبا لەگەڵ بەڕێوەبەرانی گشتی لە وەزارەتەکانی دارایی، پلاندانان و کارەبا لەگەڵ ژمارەیەک لە بەرپرسانی دیکە و راوێژکاران کۆبوویەوە.
نووسینگەی سەرۆکوەزیران لەبارەی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا ئاماژەی بەوەداوە کە لە کۆبوونەوەکەدا بەوردی دۆسیەی کارەبا لە پارێزگاکاندا خراوەتە بەرباس.
بەپێی راگەیەندراوەکە لە کۆبوونەوەکەدا، تاوتوێی تەرخانکردنی پارە بۆ ژمارەیەک لە پارێزگاکان کراوە، ھەروەھا لەبارەی پەیوندییەکانی حکوومەتە خۆجێییەکان لەگەڵ دامەزراوەی چاودێری فیدرالدا، گفتوگۆکراوە.
لە راگەیەندراوەکەدا ھاتووە كه لە کۆبوونەوەکەدا سەرۆکوەزیرانی عێراق، عادل عەبدولمەھدی فەرمانی داوە بە پێکھێنانی لیژنەیەکی تایبەت بە وزەی کارەبا کە ئەرکی تایبەت دەبێت بە بەدواداچوونی بەردەوام و پێشکەشکردنی پێشنیاز و چارەسەر بۆ لابردنی ئاستەنگەکان، ھەروەھا چارەسەرکردنی بەپەلەی ئهو كێشانهی لهناكاو سهرههڵدهدهن.