داواكاری شۆفێرانی مه‌رزی په‌روێزخان جێبەجێ دەكرێت

سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان بە یاوەری بەڕێوەبەری ھاتوچۆی گەرمیان مەرزی نێودەوڵەتی پەروێزخانی بەسەرکردەوەو لەگەڵ بەڕێوەبەری مەرزەکە و بەڕێوەبەری گومرک و بەرپرسی فەرمانگەکانی ناو مەرزەکە و نوێنەری بارھەڵگرەکان کۆبووەوە.

لە کۆبونەوەکەدا، سەڵاح کوێخا سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان باسی لە رۆڵی گرنگی مەرزی پەروێزخان کرد لە رووی دابینکردنی داھات و جموجوڵی بازرگانی و گەشەپێدانی ناوچەکە و دابینکردنی ھەلی کار بۆ ھاوڵاتیانی گەرمیان، ووتیشی، پێویستە ھەموو فەرمانگەکان لە ئاست گەورەیی مەرزەکە ببن و ھەموو ھەوڵێک بەگەڕبخەن بۆ ئەوەی بە باشترین شێوە خزمەت بکەن و دەستپێشخەربن بۆ گەشەپێدانی زیاتری مەرزی پەروێزخان ئەوەش بە لێکگەیشتن و پتەوکردنی پەیوەندی نێوان فەرمانگەکان.

سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان ئەوەشی خستەڕوو، لەماوەی چەند رۆژی رابردوو شۆفێری بارھەڵگرەکانی پەروێزخان مانیان لە کارکردن گرت و یاداشتێکی داواکارییان ئاراستەی ئیدارەی گەرمیان کرد، ئیدارەش پشتیوانی داواکارییەکانیان کرد و خۆشبەختانە داواکارییەکانیان لە چوارچێوەی یاسا و رێنماییەکان جێبەجێکراوە.

ھەر لە کۆبونەوەکەدا، سەڵاح کوێخا، جەختی کردەوە لە جێبەجێکردنی یاسا و رێنماییەکان بۆ کاری بازرگانی بەگشتی و رێگریکردن لە ھاوردەکردنی خۆراک و کاڵای خراپ و ماوەبەسەرچوو، لەگەڵ ووردبونەوە لە فەحسکردنی خواردەمەنی و ھەر کاڵایەک ھاوردە بکرێت بۆ ئەو مەبەستەش پشتیوانی تەواوی ئیدارەی گەرمیانی دوپاتکردەوە.

دواتر عەلی تۆفیق بەرێوەبەری مەرزی نێودەوڵتی پەروێزخان، سوپاسی سەڵاح کوێخا سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیانی کرد بۆ ھاوکاری و پشتیوانی و ھەوڵدانی بەردەوامی لە چارەسەرکردنی ھەر کێشە و گرفتێک ھاتبێتە پێش, پاشان کێشەو گرفتەکانی مەرزەکەی خستەڕوو.

دوابەدوای ئەوەش، بەرپرسی فەرمانگەکانی مەرزەکە، داواکاری و کێشە و گرفتەکانیان خستەڕوو، لای خۆیەوە سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان دڵنیایی پێدان کار لە سەر جێبەجێکردنیان دەکات.