ئاشتی هەورامی : پێویستە ئەمریكا بێلایەن بێت لە مەسەلەی نەوتی عێراقدا

ئاشتی هەورامی، وەزیری سامانە سروشتییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان، كە سیمینارێكی لە سەنتەری توێژینەوەی ئەتلانتیكی ئەمریكی پێشكەشكرد، رایگەیاند پێویستە واشنتن بێلایەن بێت لە مەسەلەی نەوتی عێراق.
ئەو سیمینارە، كە ئاشتی هەورامی میوانی تایبەتی بوو، بە وتارێكی ژەنەڕاڵ جەیمس جۆنز دەستی پێكرد، ناوبراو راوێژكاری پێشووی ئاسایشی نیشتیمانی ئەمریكا بووە و ئێستاش بەرپرسی ئەنجوومەنی بازرگانی ئەمریكا- كوردستان USKBC ە. جۆنزی باسی لە گرنگی پەرەپێدانی كوردستان كرد، وەك بنكەیەكی دابینكردنی وزە و ناوچەیەكی لەبار بۆ كاری وەبەرهێنان.
فرێدریك كامپ، سەرۆكی سەنتەری ئەتلانتیك سەرپەرشتی سیمینارەكەی دەكرد و ناوبراو لە وتاری دەستپێكدا باسی لە گرنگی رۆڵی ئاشتی هەورامی كرد لە داڕشتنی سیاسەتی نەوتی هەرێمی كوردستاندا.
دواتر هەورامی لە وتارەكەیدا وتی سەرجەم پڕۆژە و گرێبەستەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەچوارچێوەی دەستووری عێراقدان و حكومەتەكەشی پێیوایە نەوت موڵكی هەموو عێراقییەكانە، گوتیشی “ماددەی 115ی دەستووری عێراق ئەو دەسەڵاتەی بەخشیووەتە حكومەتی هەرێمی كوردستان، كە كێڵگە نوێیەكانی نەوت بەڕێوەبەرێت، بەڵام ئێمە دەمانەوێ داهاتەكەی لەگەڵ گشت عێراقدا دابەش بكەین. نەوت سەرچاوەی 95%ی داهاتی عێراقە، بۆیە نامانەوێ ئەو دەسەڵاتە پێشێل بكەین، بەڵام بەغدا دەیەوێ درێژە بە هەمان سیاسەتی سەددام بدات و هیچ جیاوازییەكی نییە”.
هەورامی رەخنەی لە بەغدا گرت، كە كردارەكانیان “تاكڕەوانەیە” و رێز لە فیدراڵی عێراق ناگرن و گوتیشی “دەبێ هەرێمی كوردستان 17%ی بودجەی پێبدرێت، بەڵام بەهۆی بەرنامەی بەغدا لە خەرجی سیادیدا ئێستا هەندێك زیاتر لە 10% وەردەگرین و پێویستە بەغدا هاوسەنگتر بێت”. 
هەورامی لە وەڵامی ئەو رەخنانەی، دەربارەی ئەوەی گرێبەستەكانی نەوت لە كۆتاییدا رێگە خۆش دەكەن بۆ بەدەستهێنانی سەربەخۆیی كوردستان، وتی “هەندێ لەوبڕوایەدان، كە نابێ داوای هیچ بكەین، چونكە ئەوان بەدوای سەربەخۆییدا دەڕۆن! بۆچی نابێ ئێمە بەرگری لە بەرژەوەندییەكانمان بكەین؟”، دواتر هەورامی رایگەیاند ئامانجی ئەوان یەكپارچەیی عێراقە و نابێ كەسیش زیان بەو ئامانجە بگەیەنێت.
لەدرێژەی وتارەكەیدا وەزیری سامانە سروشتییەكان رایگەیاند عێراق بەهۆی دەستوورەكەیەوە راوەستاوە، كە ئەو دەستوورەش لەلایەن زۆرینەی خەڵكەوە پەسەندكراوە. بەڵام رەخنەی ئەوەی لە حكومەتی عێراق گرت، كە رێز لە دەستوور ناگرێت و نایەوێ رێز لەو پرەنسیپانە بگرێت، كە سەرجەم پارتەكانی عێراق لەسەری كۆكن و وتیشی “ئێمە بۆ دەیان ساڵ دژی دیكتاتۆریەتی سەددام شەڕمان كرد و دیكتاتۆریەتێكی دیكە قبوڵ ناكەین. دەبێ بەغدا لەوە بگات، كە عێراق بەهێز كۆنتڕۆڵ ناكرێت و دەبێ فێربێ دەسەڵات لەگەڵ كورد و لایەنەكانی دیكەش بەش بكات”.
لە وەڵامی پرسیارێكدا سەبارەت بە سیاسەتەكانی ئەمریكا لە عێراق، هەورامی رایگەیاند واشنتن سیاسەتێكی روونی لە عێراق نییە، بەڵكو ستراتیژییەكی ئیكسپایەری هەیە، كە لەسەر بنەمای سەقامگیرییە و راشیگەیاند “كۆشكی سپی پێویستە سیاسەتەكانی عێراق ئەپدەیت بكاتەوە”.
لەبارەی ناكۆكییەكانی ئەم دوایەی نێوان بەغدا و هەولێر، هەورامی رایگەیاند پێویستە واشنتن بێلایەن بێت لەو مەسەلەیەدا و تەنیا بەرگری لە دەستوور بكات و پرسی “لێرە لە ئەمریكا ئێوە سوێند بە دەستوور دەخۆن، لەبەرئەوەی دەستوور گرنگە لای ئێوە، باشە بۆچی لای ئێمە گرنگ نییە؟”، هەروەها هەورامی هۆشداریشیدا، كە دەستوور تەنیا گەرەنتی یەكپارچەیی عێراقە و رێزگرتن و جێبەجێكردنیشی تاكە رێگەیە بۆ هێشتنەوەی ئەو وڵاتە.
ئاشتی هەورامی واشنتنی ئاگاداركردەوە، كە پەیامەكانیان ئەنجامی دیكەی لێدەكەوێتەوە و دەڵێ “نابێ واشنتن گوشار بخاتە سەر هیچ لایەنێك و هەر كاتێك رایدەگەیێنێ، كە پێویستە كێشەكە لەرێگەی حكومەتی مەركەزییەوە چارەسەر بكرێن ، بەغدا پێیوایە ئەمە مۆڵەتدانە بەدرێژەدان بە كردارە تاكڕەوەكانی”.
لە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووسێكی توركدا سەبارەت بەوەی ئایا ئەمریكا گوشاریان دەخاتە سەر سەبارەت بە واژوونەكردنی گرێبەستی بواری وزە لەگەڵ توركیادا ، هەورامی رایگەیاند واشنتن گوشاری نەخستوونەتە سەر هەرێمی کوردستان، بەڵام ئامۆژگاریان كردوون، كە ئەو گرێبەستانە بە رەزامەندی بەغدا مۆر بكەن و گوتیشی “ئەو جۆرە راوێژانە لە بەرژەوەندی ئێمە نین و قبوڵی ناكەین، پەیوەندییەكانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ توركیا نابێت ببێتە مایەی نیگەرانی ئەمریكا، چونكە هەردوولا یەكپارچەیی عێراقیان دەوێت”. 
هەورامی وتیشی ئەوان پێشوازی لەوە دەكەن بەغداش بێتە نێو ئەو هاوپەیمانێتییە، بەڵام ناتوانن بۆ ماوەی حەوت ساڵی دیكەش چاوەڕێ بكەن و هیچ نەكەن.
سەبارەت بە پڕۆسەی ئاشتی ئەمدوایەی توركیاش، هەورامی رایگەیاند ئەوان رۆڵێكی گرنگیان هەبووە لەو پڕۆسەیەدا و گوتیشی “ئەنقەرە هەوڵدەدات رەوشی كورد لە توركیا باشتر بكات و هەماهەنگی ئێمە لەگەڵ توركیا لە بواری وزەدا یارمەتیدەر بوو لەوەی توركیا گفتوگۆ لەگەڵ پارتی كرێكارانی كوردستان بكات”.
روداو