کۆنفرانسی ”ھەل و مەترسی ھەماھەنگی نێودەوڵەتی لە کوردستان” له‌ ئه‌ڵمانیا به‌رێوه‌ده‌چێت


ڕێکخه‌ری په‌یوه‌ندییه‌کانی ژووری بازرگانی‌و پیشه‌سازی سلێمانی به‌شداری له‌ کۆنفرانسی ”ھەل و مەترسی ھەماھەنگی نێودەوڵەتی لە کوردستان” کرد که‌ له‌ وڵاتی ئه‌ڵمانیا و له‌ شاری فرانکفۆرد ڕيکخرابوو.

دابان نه‌جمه‌دین، ڕيکخه‌ری په‌یوه‌ندییه‌کانی ژووری بازرگانی‌و پیشه‌سازی سلێمانی ڕایگه‌یاند ”کۆنفرانسی ھەل‌و مەترسی ھەماھەنگی نێودەوڵەتی لە کوردستان به‌ ئاماده‌بوونی ژماره‌یه‌ک کۆمپانیا و بازرگان و ژووری بازرگانی‌ ئه‌ڵمانی له‌ وڵاتی ئه‌ڵمانیا له‌ شاری فرانکفۆرد به‌رێوه‌چوو که‌ تیایدا تیشکخرایه‌ سه‌ر  پڕۆژەی وەبەرھێنانی ئـابوری لە کوردستان بۆ کۆمپانیاکانی دەرەوە”.

ڕاشیگه‌یاند ”له‌ کونفرانسه‌که‌دا به‌نوێنه‌رایه‌تی ژووری بازرگانی‌و پیشه‌سازی سلێمانی وته‌یه‌کم پيشکه‌ش کرد و تیایدا تیشکم خسته‌ سه‌ر ئه‌وه‌ی له‌هه‌رێمی کوردستان ئه‌من و ئاسایش به‌رقه‌راره‌، خاك و سروشتی کوردستان زۆر له‌ باره‌ بۆ وه‌به‌رهێنان له‌ چه‌ندین بواری جیاوازدا، داوام لێ کردن له‌ کوردستان کارگه‌کانیان دابمه‌زرين له‌به‌ر ئه‌وه‌ی بازاڕی عێراق زۆر فروانه‌ و ده‌توانن کاڵاکانیان بۆ باشور و ناوه‌ڕاستی عێراق بنێرن، ئاماژه‌م به‌وه‌شدا ژووری بازرگانی‌و پیشه‌سازی سلێمانی هه‌موو جۆره‌ هاوکاری و ئاسانکاریه‌ک پێشکه‌شی ئه‌و کارگه‌ و کۆمپانیا وه‌به‌رهێنانه‌ ده‌کات، که‌ ده‌یانه‌وێت له‌ کوردستان پرۆژه‌ی وه‌به‌رهێنان ئه‌نجام بده‌ن”.

ڕيکخه‌ری په‌یوه‌ندییه‌کانی ژووری بازرگانی‌و پیشه‌سازی سلێمانی ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا ”بریاره‌ له‌ داهاتوودا شاندێکی بازرگانی که‌ پێکدێت له‌ چه‌ندین کۆمپانیا و وه‌به‌رهێنه‌ر و خاوه‌نکاری ئه‌روپی لە   به‌ سه‌رپه‌رشتی یه‌کێتی  کادرانی کورد ئـەوروپا سه‌ردانی هه‌رێمی کوردستان بکه‌ن”.