لە هەرێمی کوردستان 35 کارگەی بەرهەمهێنانی مەڕمەڕ کاردەکەن


لە هەرێمی کوردستان 9 جۆری جیاوازی بەردی مەڕمەڕ هەیە، بەڵام بەهۆی نەبوونی ئامێری پێشکەوتوو کەمتر وەبەرهێنان لە کەرتی مەڕمەڕی باشووری کوردستان کراوە.

 لە کۆی 35 کارگەی بەرهەمهێنانی مەڕمەڕ چەند کارگەیەک نەبێت، ئەوانی دیکە بە مەڕمەڕی خاوی وڵاتانی بیانی کار دەکەن، خاوەن کارگەکان باس لەو دەکەن نرخی مەڕمەڕی خۆماڵی بەرزە بۆیە ناچارن وەبەرهێنان لە مەڕمەڕی بیانیدا بکەن تاوەکو بە نرخێکی  گونجاوتر لە بازاڕەکاندا ساخی بکەنەوە. 

محەممەد جەلال، بەڕێوەبەری گەشەپێدانی پیشەسازی سلێمانی دەڵێت، ئەو مەڕمەڕەی لە وڵاتان دێتە ھەرێمی کوردستان کوالێتی خراپە و وەک مەڕمەڕی ھەرێمی کوردستان نییە و لە شێوەی قاڵب دروست دەکرێت و داناتاشرێت.

لە سنوری پارێزگای سلێمانی 44 کارگەی بەرھەمھێنانی مەڕمەڕی سرووشتی ھەیە، بەڵام ئێستا تەنیا 14 کارگەیان کاردەکەن و لە کۆی ئەو 14 کارگەیەش تەنیا 3 کارگەیان مەڕمەڕی شاخەکانی ھەرێمی کوردستان بەکار دەھێنن.

بەپێی بەدواداچوونی بەڕێوەبەرایەتی گشتی پلان و بەدوادچوون لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی ئەو 35 کارگەیەی لە کاردان 14 کارگەیان لە ھەولێرە، 14 کارگەی دیکەیان لە سلێمانی و ٧ کارگەش لە دهۆکە. ساڵانە توانانی بەھەرمھێنانی یەک ملیۆن و 962 ھەزار و 100 مەتر دووجا مەڕمەڕیان ھەیە.

ڕووداو