بڕیاری قەدەغەی هاتوچۆی گەنم لە نێوان پارێزگاكانی عێراق هەڵگیرا

بڕیاری قەدەغەی هاتوچۆی گەنم لە نێوان پارێزگاكانی عێراق هەڵگیرا و ئێستە جووتیارانی هەرێمی كوردستان دەتوانن گەنمەكانیان بە بازرگانانی پارێزگاكانی تری عێراق بفرۆشن و شارەزایەكی ئابووریش دەڵێت, لابردنی ئەو بڕیارە لە بەرژەوەندی جووتیارانی كوردستانە.

شوان كەریم جێگری سەرۆكی لیژنەی كشتوكاڵ لە پەرلەمانی كوردستان راگەیاند,  ”بەڵێنێك بە هەرێمی كوردستان دراوە كە ئەو ناوچانەی عێراق گەنمیان لێ وەرگیراوە، بۆ نموونە ئەگەر ناوچەیەك ١٠٠ هەزار تۆنی بۆ دیاری كرابێت و لەو رێژەیە كەمتر وەرگیرابێت، هەرچی لێ مایەوە بڕەكەی بگەڕێنرێتەوە بۆ هەرێم، واتە بخرێتە سەر رێژەی هەرێم”.

ئه‌و وتی, ئەوەی گرنگە بە فەرمی ئەو بریارە هەڵوەشایەوە كە پێشتر رێگە نەدەدرا لە پارێزگایەكەوە بۆ پارێزگایەكی تر گەنم بگوازرێتەوە و ئێستە بازرگانان دەتوانن سەردانی هەرێم بكەن و گەنمی جووتیارانی هەرێم بكڕن، ئەوەش لە بەرژەوەندی جووتیارانی هەرێمی كوردستانە. 

بڕیاری لابردنی چوونی گەنم بۆ پارێزگاكانی تری عێراق لە بەرژەوەندی جووتیارانی كوردستانە و ئەو جووتیارانەی گەنمیان دەمێنێتەوە، دەیدەنە بازرگانەكان و دەتوانن ساغی بكەنەوە و لە زەرەر نەجاتیان بێت له‌به‌ر ئه‌وه‌ی دیاریكردنی ٣٤٠ هەزار تۆن بۆ هەموو كوردستان، بڕێكی زۆر كەمە.