گەرووی هورموز: شادەماری گواستنەوەی نەوت لە جیهاندا


لە کاتێکدا دوای هێرشکردنە سەر دوو کەشتی بارهەڵگری نەوتی لە کەنداوی عومان گرژی و ئاڵۆزییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران زیاتر ڕووی لە هەڵکشان کرد، لە ئێستا جارێکی تر قسە لەسەر بارودۆخی ئەمنی گەرووی هورموز دەکرێت. گەرووی هورموز لە ڕووی گواستنەوەی نەوت بۆ وڵاتانی جیهان گرنگییەکی تایبەتی هەیە.

دوای ئەوەی لە کەنداوی عومان هێرشکرایە سەر دوو کەشتی بارهەڵگری نەوتیی کە یەکێکیان هی ژاپۆن بوو ئەوەی دیکەشیان هی نەرویج بوو، گرژی و ئاڵۆزییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران زیاتر ڕووی لە هەڵکشان کرد. لە لایەک ئەمریکا ئێران بە بەرپرسیار لە ئەنجامدانی هێرشەکان تۆمەتبار دەکات و لە لایەکی دیکەوە ئێران هەموو ئەو جۆرە تۆمەتانە ڕەت دەکاتەوە و زۆر بە توندی وەڵامی ئەمریکا دەداتەوە.

دوای هێرشەکانی کەنداوی عومان نرخی نەوت بە ڕێژەی ٢ لە سەد زیادی کرد و نرخی یەک بەرمیل نەوتی برێنت بۆ 61.31 دۆلار بەرز بووەوە. ئەلیزابێث دیکینسۆن شرۆڤەکار لە دەزگای بەدواداچوون بۆ قەیرانە نێودەوڵەتییەکان ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە ئەو شتانەی ڕوو دەدەن ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە قۆناغێکی مەترسیدار ڕوو لە ناوچەکە دەکات و ڕایگەیاند “هەر هەڵە لێک تێگەیەشتنێک و حساباتێکی هەڵە دەکرێت ببێتە هۆی ئەوەی لە ناکاو بارودۆخەکە لە ژێر کۆنتڕۆڵ دەربچێت و ڕووداوی نەخوازراو بە دوای خۆیدا بهێنێت”.

شایانی باسە ئەو جۆرە گرژی و ئاڵۆزییانە شتێکی نامۆ نین بۆ گەرووی هورموز. پێشتریش لە مانگی ئایاردا هێرش کرایە سەر دوو کەشتی بارهەڵگری نەوتی سعودی لە گەرووی هورموز.

هەرووی هورموز هەردوو کەنداوی عومان و کەنداوی بەسرە پێکەوە دەبەستێتەوە و بە تایبەت لە ڕوانگەی گواستنەوەی نەوتی کەنداوی بەسرەوە گرنگییەکی تایبەتی هەیە و یەکێکە لە گرنگترین ڕێڕەوە ئاوییەکان لە تەواوی جیهاندا.

 

شادەماری گواستنەوەی نەوت لە جیهاندا

بە پێی ئامارە فەرمییەکانی ڕاپۆرتە شیکارییەکانی دامەزراوی ڕاوێژکاری ڤۆرتێکس، بە شێوەیەکی گشتی لەسەر ئاستی جیهان پێویستی ڕۆژانەی نەوت نزیکەی ١٠٠ ملیۆن بەرمیل نەوتە. نزیکەی یەک لەسەر پێنجی نەوتی جیهان ڕۆژانە بە لە ڕێگەی گەرووی هورموزەوە ڕەوانەی جیهان دەکرێت. ئەو گەرووە ، جگە لە گواستنەوەی نەوت، لە ڕووی گواستنەوەی گازی سرووشتییەوە یەکێکە لە گرنگترین گەرووەکان بۆ گواستنەوەی گازی سرووشتی و زۆرترین ڕێژەی گازی سرووشتی پێدا تێپەڕ دەبێت لە هەموو جیهاندا.

گەرووی هورموز ڕێڕەوێکی ئاوی زۆر گرنگە کە چەندین وڵاتی دەوڵەمەند بە نەوت و سامانە سرووشتییەکانی وەک سعودییە، ئێران، ئیمارات، عێراق، و کوەیت پێکەوە دەبەستێتەوە و خاوەنی پێگەیەکی ستراتیژی گرنگە. گەرووی هورموز دوو ڕێڕەوی ئاوی هەیە کە کەشتییەکان پێیدا تێپەڕ دەبن و هەردوو ڕێڕەوەکەش پانتاییەکەیان لە سێ کیلۆمەتر تێناپەڕێت، لەبەر ئەوە گەرووی هورموز دەکرێت زۆر بە ئاسانی لە لایەن هێزێکی سەربازییەوە کۆنتڕۆڵ بکرێت. بە هۆی ئەو پێگە گرنگەیەوە، گەرووی هورموز دەتوانێت ڕۆڵێکی زۆر گرنگ و کاریگەر ببینێت لە ئەگەری سەرهەڵدانی شەڕ و پێکدادان لە نێوان هێزەکانی ناوچەکەدا. ماوەیەکی کەم پێش ئێستا ژەنەڕاڵ موحەمەد باقری سوپاسالاری ئێران هەڕەشەی لە وڵاتانی ناوچەکە کرد و ڕایگەیاند ئەگەر دوژمنایەتییەکانی ناوچەکە زیاد بکات ئەوا گەرووی هورموز بە تەواوی بە ڕووی هاتووچۆی کەشتییە بارهەڵگرەکاندا دادەخەن.