٢٥٠ کاسبکار رۆژانە له‌ مەیدانی دارەکەی سلێمانی كارده‌كه‌ن

مەیدانی دارەکەی سلێمانی مێژوویەکی کۆنی لە شارەکەدا ھەیە و لەسەرەتای بنیاتنانی سلێمانییەوە کاسبکاران لە شوێنێکی تایبەتدا کاری کڕین و فرۆشتنی داریان کردووە، بەپێی بەرفراوانبوونی شارەکەش تا ئێستا چەند جارێک شوێنی مەیدانی دارەکە گواستراوەتەوە.

لەئێستادا لە دەرەوەی شاری سلێمانی و لە ناوچەیەکی نێوان سلێمانی و شارۆچکەی عەربەت، شوێنێکی تایبەت بۆ کاسبکارانی ئەم بوارە دیاری کراوە و نزیکەی ٢٥٠ کاسبکار رۆژانە لەم جێگایەوە سەرقاڵی مامەڵەکردنی کڕین و فرۆشتنی دارن.

کاسبکارێکی مەیدانەکە رۆستەم ساڵح لە بارەی مێژووی مەیدانەکە و کڕین و فرۆشتنی دار لە سلێمانی، وتی: “کاتی خۆی ئەم کارە لە رێگەی وڵاتەغەوە کراوە و چەند دارێکیان دەھێنایە سلێمانی بە تایبەتی داری بەڕوو بۆ سووتاندن و خەڵووز و لە شوێنێکدا کۆیان دەکردەوە بەتایبەت لە گومرکە سووتاوەی سلێمان کە خان بوو، دواتر دەخرایە مەزادەوە و کریارێک ئەو دارانەی دەکڕی بۆ سووتاندن و خەڵووز بۆ کەبابخانەکان بەکاریان دەھێنا”.

ئەو وتی: “لە کاتی کۆندا زۆربەی دارەکان لە ناوچەی شارباژێڕەوە و بە وڵاغ بەیانییان زوو دەھێنرایە سلێمانی، بەڵام ئێستا ئەو دارانەی دەھێنرێتە ئەم مەیدانە زیاتر لە تورکیا و ئێرانەوە دەھێنرێت”.

بەشی زۆری ئەو دارانەی لەم جێگایەوە مامەڵەیان پێوە دەکرێت رەوانەی دەرەوەی شاری سلێمانی و شارەکانی تری عێراق دەکرێن لە بواری جۆراوجۆردا بەکار دەھێنرێن.

مەحمود حسێن کەریم پیاوێکی بەتەمەنی کاسبکاری مەیدانەکەیە، ئەو لە بارەی بیرەوەری خۆیەوە باسی لەو مەیدانە کرد و گوتی: “ئەوەی من بیرم بێت کاتی خۆی لە نزیک مزگەوتی گەورە کە ئێستا دارە سووتاوەکەی پێدەڵێن کاری کڕین و فرۆشتنی دار دەکرا، دواتر چووە دەباشان و نزیکەی ٢٠ ساڵ لەوێ ئەو کارەمان کرد، پاشان بۆ جادەی قەیوان و ماوەی ھەشت ساڵیشە گوازراوینەتەوە بۆ ئەم جێگایەی ئێستا”. 

ئەو ھەروەھا وتی: “دارەکانی نێو مەیدانەکە لە ناوخۆی ھەرێمی کوردستان و وڵاتانی دەرەوە دەھێنرێن بە تایبەت تورکیا کە خواستی زیاتری لەسەرە، بەڵام بڕی گومرکەکەی زۆرە و بۆ ھەر بارێک نزیکەی ھەزار و ٦٠٠ دۆلارمان لێوەردەگرن، لێرەش نرخی جووتێک دار لە دوو ھەزار دینارەوە دەست پێ دەکات بۆ ٣٠ ھەزار دینار” .