ئەمازۆن پێش ئەپڵ و گووگڵ کەوت و بووە گرانبەهاترین کۆمپانیای جیهان

کۆمپانیای ئەمازۆنی ئەمریکی کە گەورەترین کۆمپانیای بواری کڕین و فرۆشتنی ئەلیکترۆنییە لە جیهاندا، توانی کۆمپانیا زەبەلاحەکانی بواری تەکنەلۆجیای وەک ئەپڵ و گووگڵ تێبپەڕێنێت و ببێتە بە گرانبەهاترین کۆمپانیا لە جیهاندا.

ئاژانسی لێکۆڵینەوەی WPP دوایین ڕاپۆرتی خۆی سەبارەت بە گرانبەهاترین کۆمپانیاکانی جیهان بڵاوکردەوە و ١٠٠ کۆمپانیا جیهانی ڕیزبەند کردووە بە پێی بەهای کۆمپانیاکان لەسەر ئاستی جیهان. کۆمپانیای ئەمازۆن بە بەهای 315.1 ملیار دۆلار پێشەنگی ڕیزبەندییەکەی گرتووە و توانی ببێتە گرانبەهاترین کۆمپانیا لەسەر ئاستی جیهان.

شایانی باسە کۆمپانیای ئەمازۆن بە هۆی ئەو ئاستە بەرزە و پێشکەوتنە بەرچاوەی لەم ماوانەی دواییدا بە خۆیەوە بینوییەتی توانی هەردوو کۆمپانیای زەبەلاحی بواری تەکنەلۆجیا کە بریتیین لە ئەپڵ و گووگڵ تێبپەڕێنێت کە ماوەی ١٢ ساڵە پلەکانی سەرەتای ڕیزبەندییەکەیان داگیر کردبوو. کۆمپانیا ئەپڵ بە بەهای 309.5 ملیار دۆلار لە پلەی دووەمدایە و کۆمپانیای گووگڵ بە بەهای 309 ملیار دۆلار لە پلەی سێیەمدایە. دوای ئەوان کۆمپانیای مایکرۆسۆفت بە بەهای 251.2 ملیار دۆلار لە پلەی چوارەمدا دێت.

ڕیزبەندی دواتری گرانترین کۆمپانیاکانی جیهان بەم شێوەیەیە:

ڤیزا بە بەهای 177.9 ملیار دۆلار لە پلەی پێنجەمدا دێت.
فەیسبووک بە بەهای 159 ملیار دۆلار لە پلەی شەشەمدا دێت.
عەلی بابا بە بەهای 131.2 ملیار دۆلار لە پلەی حەوتەمدا دێت.
تەنسێنت بە بەهای 130.9 ملیار دۆلار لە پلەی هەشتەمدا دێت.
ماکدۆناڵس بە بەهای 130.4 ملیار دۆلار لە پلەی نۆیەمدا دێت.
AT&T بە بەهای 108.4 ملیار دۆلار لە پلەی دەیەمدا دێت.
کۆی گشتی بەهای ئەو ١٠٠ کۆمپانیایەی بە گرانترین کۆمپانیاکانی جیهان دانراون بریتییە لە 4.7 ترلیۆن دۆلار.

شایانی باسە جگە لە کۆمپانیاکانی فەیسبووک و تەنسێنت سەرجەم کۆمپانیاکان بەراورد بە ساڵی ٢٠١٨ بەهاکانیان زیادی کردووە. بەڵام فەیسبووک بە ڕێژەی ٢ لە سەد و تەنسێنت بە ڕێژەی ٢٧ لە سەد بەهاکانیان لەدەستداوە. ئەوە لە کاتێکدایە کە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو کۆمپانیای ئینستاگرام بە ڕێژەی ٩٥ لە سەد بەهاکەی زیادی کردووە و بووەتە یەکەم کۆمپانیا لە جیهاندا کە زۆرترین ڕێژە بەهاکەی زیادی کردبێت.