ساڵی ٢٠١٩ بۆ توركیا لەڕووی ئابوورییەوە ساڵێكی سەخت و دژوار بوو، چونكە بەهای لیرەی توركی بەرامبەر بە دۆلار تا ئاستێكی زۆر دابەزی و حكوومەتیش نەیتوانی پێشی پێ بگرێت. ئەمڕۆش بەهۆی ناكۆكیی نێوان توركیا و ئەمریكاوە دیسان بەهای لیرەی توركی بەرامبەر بە دۆلار دابەزی.
لە هەفتەی رابردوودا، بەهای لیرەی توركی توانی بەرز ببێتەوە و ١٠٠ دۆلاری ئەمریكا گەیشتە ٥٦٨ لیرە، بەڵام ئەمڕۆ بەهای لیرە دابەزییەوە.
بەهۆی ئەوەی ئەمریكا ٣٥ فڕۆكەوانی توركیای گەڕاندەوە بۆ توركیا و كۆتایی بە راهێنانیان هێنا لەبارەی فڕۆكەی جەنگی F35 بۆیە دۆلار بەرز بوویەوە.
١٠٠ دۆلاری ئەمریكی بە ٥٨٠ لیرە مامەڵەی پێوە دەكرێت، ئەمەش لە كاتێكدایە هاووڵاتییانی توركیا چاوەڕوان بوون دۆلار بەهاكەی زیاتر دابەزێت و بكاتە ٥٠٠ لیرە.
لە ساڵی ٢٠١٨ەوە تاكوو ناوەڕاستی ٢٠١٩، بەهای لیرەی توركی بەرامبەر بە دۆلار ٤٠٪ دابەزیوە، كە لە مێژووی توركیادا یەكەمجارە لیرەی توركی بەم شێوەیە بەهای خۆی لە دەست بدات.
یەكێك لە هۆكارە سەرەكییەكانیش ئەو قەرزانەیە كە توركیا لە بانكە نێودەوڵەتییەكان كردوویەتی و بەهۆی نەگەڕانەوەی ئەو قەرزانەش لە كاتی خۆیدا سوودی زۆری هاتووەتە سەر.
یەكێكی تریش لە هۆكارەكان، كڕینی مووشەكی بەرگری S400 لە رووسیا، كە ئەمریكا دژی ئەو هەنگاوەی توركیا وەستایەوە و هەڕەشەی لێكرد ئەگەر پەشیمان نەبێتەوە، سزای ئابووری بەسەردا دەسەپێنێت.