لە سلێمانی بازاڕی كڕین و فرۆشتنی ئۆتۆمبێل وەستاوە و خاوەنی پێشەنگایەكی فرۆشتنی ئۆتۆمبێلیش چەند هۆكارێك باس دەكات.
ئەمڕۆ دووشەممه 10ی حوزەیران، كارزان جەلال خاوەنی پێشەنگایەكی كڕین و فرۆشتنی ئۆتۆمبێل لە سلێمانی راگەیاند، پێشانگاكانی كڕین و فرۆشتنی ئۆتۆمبێل بەدەست بێ بازاڕییەوە دەناڵێنن، ئۆتۆمبێلێك بە دوو هەفتە نافرۆشرێت هەروەك كڕینیش كەم بووە.
روونیشی كردەوە كە چەند هۆكارێك هەیە بۆ ئەو بێ بازاڕییە یەكێك لەوانە بارودۆخی ئێران و ئەمەریكایە و یەكێكی تر پێوەندی بەوە هەیە كە پێكهێنانی حكوومەتی هەرێم دوا كەوتووە، هاوكات خەڵك بەهۆی بینینی تەنگژەی دارایی چەند ساڵی ڕابردوو ئامادە نییە پارەكانی خەرج بكات و جۆرێك ترسی دارایی هەیە.
هاوكات بەختیار عەلی خاوەن پێشانگای كڕین و فرۆشتنی ئۆتۆمبێل وتی، لە پێشانگاكەمان چەندان ئۆتۆمبێلی مۆدێل كۆن و نوێ هەیە، بێ بازاڕی هەردوو جۆرەكەی گرتووەتەوە، بەتایبەتی مۆدێل بەرز.
وەك بەختیار ئاماژەی بۆ كرد، هەر ئۆتۆمبێلێك چەند سەد دۆلارێك هاتووەتە خوارەوە و نرخیان دابەزیوە.
هاووڵاتییان چاوەڕوانی پێكهێنانی حكوومەت و دەستبەكاربوونی كابینەی نوێ دەكەن تا دڵنیابنەوە لە دۆخی دارایی كوردستان و بتوانن بە ئاسانی پارەكانیان خەرج بكەن.