ئەمەریكا: تەقینەوە لە كارگەیەكی كیمیایدا دەیان قوربانی لێكەوتەوە

به‌ره‌به‌یانی‌ ئه‌مڕۆ، پێنجشه‌ممه‌، ته‌قینه‌وه‌یه‌كی‌ به‌هێز له‌نزیك شاری‌ (واكو)ی‌ ویلایه‌تی‌ ته‌كساسی‌ ‌باشوری‌ ویلایه‌ته‌یه‌كگرتووه‌كانی‌ ئه‌مه‌ریكا رویداو به‌پێی‌ ئاماره‌ سه‌ره‌تاییه‌كان ده‌یان كوژراو و برینداری‌ لێكه‌وتۆته‌وه‌.
به‌پێی‌ هه‌واڵێكی‌ سایتی‌ سكای‌ نیوز كه‌ له‌تۆڕی‌ (كی دبلیو تی اكس)ی‌ ناوچه‌ییه‌وه‌ گواستویه‌تییه‌وه‌، به‌رپرسێكی‌ ده‌زگای‌ فریاكه‌وتنی‌ شاری‌ واكۆ رایگه‌یاندووه‌، ته‌قینه‌وه‌كه‌ له‌یه‌كێك له‌كارگه‌كانی‌ ماده‌ كیمیاییه‌كانی‌ شاری‌ واكۆ رویداوه‌و له‌ئاكامداو به‌پێی‌ ئاماره‌ سه‌ره‌تاییه‌كان ژماره‌ی‌ كوژراوه‌كان له‌نێوان 60-70 كه‌سه‌و زیاتر له‌ 100 كه‌سی‌ دیكه‌ش برینداربون‌.
ئه‌م ته‌قینه‌وه‌یه‌ له‌كاتێكدایه‌ كه‌ چه‌ند رۆژێك له‌مه‌وبه‌رو دو ته‌قینه‌وه‌ شاری‌ بۆستنی‌ ئه‌مه‌ریكای‌ هه‌ژاندو نزیكه‌ی‌ سێ كه‌س گیان له‌ده‌ستداو 180 كه‌سی‌ دیكه‌ش برینداربون.
له‌لایه‌كی‌ دیكه‌وه‌و به‌وته‌ی‌ ده‌زگا ئه‌منییه‌كانی‌ ئه‌مه‌ریكا، نامه‌یه‌کی‌ ژه‌هراوی‌ بۆ سه‌رۆکی‌ ئه‌مه‌ریكا، باراك، ئۆباما، ڕه‌وانه‌کراوه‌، به‌ڵام له‌لایه‌ن ‌ده‌زگای چاودێری پـۆسته‌وه‌ له‌ده‌ره‌وه‌ی کۆشـکی سـپی ڕێگه‌ی ناردنی لێـگیراوه‌ پاش ئه‌وه‌ی‌ ماده‌ی ڕایسنی تێدا دۆزراوه‌ته‌وه‌.
ئه‌م نامه‌یه‌ دوو ڕۆژ پاش نامه‌یه‌کی دیکه‌ی هاوشێوه‌ ئاشکرابو که‌ ئاڕاسته‌ی سیناتۆری کۆماری، ڕۆجه‌ر ویکه‌ر، کرابو.
کاربه‌ده‌سـتان ئۆفیسێـکی کۆنگرسیان به‌شێوه‌یه‌کی کاتی داخستووه‌ بۆ دڵنیابون له‌سه‌لامه‌تی کارمه‌ندانی له‌ئه‌گه‌ری بونی هه‌ر نامه‌یه‌کی گوماناوی‌.