وەزارەتی بازرگانی: دوو ملیۆن و 500 هەزار تۆن گەنم لە جووتیاران كڕدراوە

محەمەد هاشم ئەلعانی وەزیری بازرگانی حكوومەتی عێراق رایگەیاند، تا ئێستا دوو ملیۆن و 500 هەزار تۆن بەرهەمی گەنمی جووتیاران لەلایەن حكوومەتەوە كڕدراوەتەوە.

محەمەد هاشم لە بەیاننامەیەكدا كە وەزارەتی بازرگانی بڵاوی كردووەتەوە، روونی كردەوە، تا ئەمڕۆ شەموو وەزارەتی بازرگانی دوو ملیۆن و 459 هەزار و 201 تۆن گەنمی لە جووتیارانی نۆ پارێزگا لە كۆی 15 پارێزگای عێراق جگە لە هەرێمی كوردستان، كڕیوەتەوە، ئەمەش لە ماوەی 15ی نیسان تا حەوتی حوزەیران.

ئه‌و وتی “لە بەرانبەر ئەو بڕە گەنمەدا، جووتیاران سێ ملیار و 359 ملیۆن و 115 هەزار دیناریان وەرگرتووە كە دەكاتە دوو ملیۆن و 700 هەزار دۆلار”.

كڕینەوەی گەنم لە جووتیاران لەلایەن وەزارەتی بازرگانی دابەشی سەر سێ بەش كراوە كە نرخەكەی لە 420 هەزار دینار تا 560 هەزار دەبێت بۆ هەر تۆنێك.

پێشتر وەزارەتی بازرگانی پێشبینی كرد بوو بەرهەمی گەنمی ئەمساڵی جووتیارانی عێراق بگاتە نزیكەی پێنج ملیۆن تۆن كە بەپێی ئامارەكانی وەزارەتی كشتووكاڵ كۆی رووبەری چانراو بە گەنم بۆ ساڵی 2019 بڕی حەوت ملیۆن و 200 هەزار دۆنم زەوی بووە، ئەمەش لە كاتێكدایە ساڵی 2018 ئاستی بەرهەم دوو ملیۆن و 170 هەزار تۆن بوو.