له‌ ئه‌ڵمانیا ئۆتۆمبیلی كاره‌بایی هه‌رزان ده‌كرێت

به‌ مه‌به‌ستی زیاتر گرنگیدان به‌ ژینگه‌ و كه‌مكردنه‌وه‌ی دووكه‌ڵی ئۆتۆمبیله‌كان‌و قه‌ره‌باڵغیی له‌سه‌نته‌ری شاره‌كاندا، زانكۆیه‌كی ئه‌ڵمانیی ئۆتۆمبیلێكی كاره‌بایی بچووك و هه‌رزان دروست ده‌كات.

هه‌رچه‌نده‌ پێشتر ڕێژه‌ی ئۆتۆمبیلی كاره‌بایی به‌ به‌راورد به‌ئۆتۆمبیلی ئاسایی كه‌م بوو به‌هۆی گرانیی نرخه‌كه‌یه‌وه‌، به‌ڵام زانكۆی ئاخن له‌ ئه‌ڵمانیا له‌ ڕێگه‌ی دیزاینێكی نوێوه‌ ئه‌م كێشه‌یه‌ چاره‌سه‌ر ده‌كات و ئۆتۆمبیلێكی كاره‌بایی بچووك به‌رهه‌م ده‌هێنێت كه‌ نرخه‌كه‌ی هه‌رزانه‌ و ڕۆلێكی باشیش ده‌بینێت له‌ كه‌مكردنه‌وه‌ی قه‌ره‌باڵغی سه‌نته‌ری شاره‌كان.

له‌مباره‌یه‌وه‌ پڕۆفیسۆر گۆنته‌ر شووه‌ له‌ زانكۆی ئاخن وتی ”ئه‌م ئۆتۆمبیله‌ قه‌باره‌ی بچووكه‌ و پارچه‌كانیشی دووباره‌ به‌كارهێنانه‌وه‌ی بۆ ده‌كرێت ئه‌مه‌ش وا ده‌كات نرخه‌كه‌ی هه‌رزان بێت و زۆربه‌ی خه‌ڵك توانای ئه‌وه‌یان ده‌بێت بیكڕن”.

یه‌كێك له‌دیزاینه‌رانی ئۆتۆمبیله‌كه‌ ده‌ڵێت ”تایبه‌تمه‌ندی ئه‌و ئۆتۆمبیله‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ پارچه‌كانی پلاستیكییه‌ و پێشتر و له‌كاتی جه‌نگی سارد دا له‌ ئه‌ڵمانیای خۆرهه‌ڵات دروستكراوه‌ بۆ به‌كارهێنانی له‌ئۆتۆمبیلی جۆری ترابیدا، شێوه‌ی پێشه‌وه‌ی ئۆتۆمبیله‌كه‌ش زۆر سه‌رنج ڕاكێشه‌ به‌ جۆرێك گه‌ر یه‌كێك له‌ پێشه‌وه‌ سه‌یری ئۆتۆمبیله‌كه‌ بكات وه‌ك ئه‌وه‌یه‌ پێبكه‌نێت”.

ئێستا دیزاینه‌رانی ئه‌و ئۆتۆمبیله‌ به‌رده‌وامن له‌ كاره‌كانیان بۆ ئه‌وه‌ی بتوانن به‌رهه‌مێكی وا بخه‌نه‌ بازاره‌ه‌وه‌ كه‌ هه‌م له‌ ڕوویی پاك ڕاگرتنی ژینگه‌وه‌ سوودی هه‌بێت و هه‌م نرخه‌كه‌ی به‌ شێوه‌یه‌ك هه‌رزان بێت كه‌ زۆرینه‌ی خه‌ڵك بتوانن بیكڕن.