لە شارێکی عێراق بەرزترین پلەی گەرمی لە مێژووی هەموو ئاسیادا تۆمار کرا


شاری (علی غربی) لە پارێزگای میسان لە عێراق، بەرزترین پلەی گەرمی لەسەر ئاستی هەموو مێژووی کیشوەری ئاسیا تۆمار کرد و گەرمییەکەی گەیشتە ٥٥.٦ پلەی سەدی. 
میدیاکانی عێراق بڵاویان کردەوە کە پێشتر بەرزترین پلەی سەدی لە شاری بەسڕە لە ٢٢ی ٧ی ٢٠١٦ تۆمار کراوە کە ٥٣.٩ پلەی سەدی بووە. بەڵام ڕۆژی هەینی ٧ی ٦ی ٢٠١٩، لە شاری (علی غربی) لە پارێزگای میسان، پلەی گەرمی گەیشتووەتە ٥٥.٦.

میدیاکانی عێراق دەڵێن ئەو پلە گەرمییە، بەرزترین پلەی گەرمیی تۆمارکراوە لە مێژوودا لەسەر ئاستی هەموو کیشوەری ئاسیا و لە هیچ ئاوەدانییەکی تردا ئەو پلە گەرمییە تۆمار نەکراوە. 

هەرچی لەسەر ئاستی دونیاشە، بەرزترین پلەی گەرمیی تۆمارکراوە ٥٨ پلەی سەدییە لە ناوچەی عەزیزییەی لیبیا لە ساڵی ١٩٢٢ تۆمار کراوە، بەڵام ڕێکخراوی کەشناسیی جیهانی (WMO) ڕای گەیاندووە کە هەڵە لە خوێندنەوەی پلەی گەرمیدا بووە.