لەبارەی بەرھەم ھێنانی مریشکی تەندروست لەناو کێڵگە پەلەوەریەکان لەھەرێمی کوردستان دڵنیای دەدرێت بە ھاووڵاتیان.
نازم عبدووڵا، جێگری سەرۆکی کۆمەڵەی کێڵگە پەلەوەریەکانی سلێمانی بەسایتی ژووری بازرگانی ووت” بەرھەم ھێنانی مریشک لەناو کێڵگە پەلەوەریەکان لە ھەرێمی کوردستان ھەروەک ھەموو ووڵاتانی تری جیھانە بەچاودێری پزیشکی ڤێرترنەریە وە ھەمان جۆری عەلەفیان پێدەدرێت لە تەندروستە و ستانداردە”.
وتیشی”ھەموو کێڵگە پەلەوەریەکان لەژێر چاودێریدان مانگانە لیژنەی چاودێری سەرشانی دەکەن و ھەر کەمو کوڕیەک ھەبێت لێپرسینەوە لەگەڵ خاوەن کێڵگە پەلەوەریەکان دەکرێت لیژنەکان ڕێکە نادەن مریشکی زیانبەخش بکرێتە بازاڕەوە”.
لەئێستادا ٨٠٠ کێڵگەی پەلەوەری لەسنوری پارێزگای سلێمانی ھەیە کە ١٢٠٠ ھۆڵی بەرھەم ھێنانی مریشک لەخۆ دەگرێت.
وەزارەتی كشتوکاڵ کە مۆڵەتی دامەزراندن دەدات بەکێڵگە پەلەوەریەکان دەبێت سەرجەم مەرجە تەندروستیەکانی تێدابێت.
دکتۆر،ڕزگار حەمە خدر، جێگری بەڕێوەبەری کشتوکاڵی سلێمانی بە سایتی ژووری بازرگانی ووت” دامەزراندنی کێڵگەی پەلەوەری لەلایەن وەزارەتی کشتوکاڵەوە مۆڵەتی پێدەدرێت بەشی سامانی ئاژەڵ وە بڕوانامەی تەندروستی پێدەدرێت لەلایەن ڤێرتەرنەری کە سەرجەم مەرجەتەندروستیەکانی کێڵگەی پەلوەری تێدایە و سەرجەم ڕێکارە ھونەریەکانی تێدایە”.
وتیشی” پرۆژەکانی ئێستای کوردستان لە پرۆژە ستانداردەکانی جیھانن وە لەژێر چاودێری ئەندازیاری سەرپەرشتیاری کشتوکاڵی و پزیشکی ڤێرترنەری کاردەکەن لە داخڵکردنی جوچک ھەتا بەرھەم ھێنانی مریشک و سەربڕینیان لە کوشتارگاکان و خستنە بازاڕەوە”.
دەربارەی خۆراکی مریشک بۆ گەورەبونێان دەڵێت” پێدانی عەلەف و خۆراکی مریشک لە ژێر چاودێری ئەندازیاری کشتوکاڵی و پزیشکی ڤێرتەرنەریە کە لە کارگەکانی عەلەف بەرھەم دەھێندرێن وە ئەو عەلەفە لە گەنم و گەنمەشامی و سۆیا و ماددە ڤیتامینیەکان بەرھەم دێت و لەژێر پشکنیندایە”.
ئاماژەی بەوەشدا مریشکی کوردستان یەکێکە لە بەرھەمە تەندروستەکان وەیەکێکە لە بەرھەمە کوالێتی بەرزەکان کە بەشێوەیەکی تەندروست و کوالێتی بەرز بەرھەم دەھێندرێت کە لە کوالێتی بەرھەمی مریشکی ووڵاتانی دراوسێ پاکتر و کوالێتی باشترە”.
نازم عەبدووڵا ئەوەش ڕادەگەیەنێت” پێویستە حکومەت زیاتر پشتیوانی لە بەرھەمی ناوخۆی بکات ڕێگەبگرێت لەھاتنە ناوەوەی بەرھەمی ووڵاتانی دیکە چونکە دەتوانین بەرھەمی ناوخۆ زیادبکەین و لێشی ھەناردەی ووڵاتانی دیکەی بکەین”.
چاودێری بازرگانی ھاوردەکردنی مریشکی سنوردارکردووە تا بەرھەمی ناوخۆی زیاتر بڵاوبێتەوە و بازاڕ بۆخۆی بکاتەوە.
سۆران غەفور، بەڕێوەبەری چاودێری بازرگانی سلێمانی بەسایتی ژووری بازرگانی ڕاگەیاند” بەرھەم ھێنانی مریشک لە کوردستان تەندروستە و ھیچ گرفتێکی نیە وە ئێمە ھاوردەکردنی مریشکی بەستومان سنوردارکردووە تا بەرھەمی ناوخۆ زیانی پێنەگات”.
ڕاشیگەیاند” لەڕوی نرخەوە بەردەوام چاودێری مریشکی زندوو دەکرێ ھەرکاتێک نرخی مریشک لە ٣ ھەزار دینار زیادبکات ئەوا ڕێگەی چونەدەرەوەی مریشک لە بازگەکانەوە دەگیرێت و لەناوخۆدا نرخ دادەبەزێت ھەربۆیە ئێمە بە ھەموو شێوەیەک پشتیوانیمان لە بەرھەمی ناوخۆیکردووە”.
لەئێستادا بەرھەمھێنانی مریشک لەھەرێمی کوردستان خواستی بازاڕی پڕکردۆتەوە و ھاووڵاتیان زۆرتر مریشکی زندوو بەکار دەھێنن بۆ خواردن.