ئێران: سزای سه‌ر كه‌رتی پترۆكیماوی تیرۆری ئابووری ئه‌مه‌ریكییه‌

ئێران ئه‌و سزایه‌ی له‌لایه‌ن ئه‌مه‌ریكاوه‌ خرایه‌ سه‌ر كه‌رتی پترۆكیمیاوی وڵاته‌كه‌ی به‌ نمونه‌یه‌كی تیرۆری ئابووری له‌قه‌ڵه‌مدا كه‌ كۆشكی سپی به‌ڕێوه‌ی ده‌بات.

وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئێران عه‌باس موسه‌وی له‌ له‌به‌یاننامه‌یه‌كدا رایگه‌یاند، ئه‌و سزایه‌ نمونه‌یه‌كی تیرۆری ئابووری ئه‌مه‌ریكییه‌ و به‌رده‌وامیدانه‌ به‌و دوژمنكارییه‌ی كۆشكی سپی له‌سه‌ر ئێران و گه‌له‌كه‌ی په‌یڕه‌وی ده‌كات، وتیشی، ئێمه‌ به‌ توندی ئه‌و سزایانه‌ی ئیداره‌ی ئه‌مه‌ریكا ئیدانه‌ ده‌كه‌ین.

موسه‌وی باسی له‌وه‌ كرد، ته‌نها هه‌فته‌یه‌ك به‌س بوو بۆ ئه‌وه‌ی بانگه‌شه‌ درۆیینه‌كه‌ی سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا دۆناڵد ترامپ له‌باره‌ی ده‌یه‌وێ گفتوگۆ له‌گه‌ڵ ئێران بكات، ده‌ركه‌وێت، جه‌ختیشی كرده‌وه‌، سیاسه‌تی فشاری توندی ئه‌مه‌ریكی سیاسه‌تێكی شكستخواردووه‌ و سه‌رۆكه‌كانی پێشووتری ئه‌مه‌ریكا تاقیان كردووته‌وه‌.

موسه‌وی روونی كرده‌وه‌، پێویسته‌ له‌سه‌ر وڵاتاننی جیهان به‌رامبه‌ر ئه‌مه‌ریكا بوه‌ستن له‌سه‌ر ئه‌و بڕیارانه‌ی ئه‌مه‌ریكا كه‌ به‌پێچه‌واه‌ی بڕیاره‌كانی نه‌ته‌وه‌ به‌كگرتووه‌كان سزا به‌سه‌ر ئێران ده‌سه‌پێنێت.

پێشتر وه‌زاره‌تی گه‌نجینه‌ ئه‌مه‌ریكا، له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا رایگه‌یاند، به‌هۆی پێدانی پاره‌ و پشتیوانی دارایی سوپای پاسداران كه‌ له‌ لیستی تیرۆری ئه‌مه‌ریكایه‌، گه‌وره‌ترین گرووپی كۆمپانیای پترۆكیمیایی ئێرانی سزای ده‌خرێته‌ سه‌ر  كه‌ له‌ رووی داراییه‌وه‌ پشتیوانی سوپای پاسدارانی ئێرانی كردووه‌.