بۆ بەسەر بردنی كاتێكی خۆش لە رۆژانی جەژندا، ژمارەیەكی زۆر لە گەشتیاران سەردانی سنوری پارێزگای سلێمانییان كردوە, بەشێك لەو گەشتیارانە بە گرنگییەوە باس لە سەردانەكەیان و بەسەربردنی كاتێكی خۆش دەكەن، وتەبێژی گەشتوگوزاری سلێمانیش ئاماژە بەوە دەكات، بە پێی پلانی پێشوەختەیان بۆ پێشوازی لە گەشتیاران، خزمەتێكی زۆری بە ڕێنمایكردن و خزمەتكردنی گەشتیارانیان كردوە.
ئەو گەشتیارانەی ڕویان لە سنوری پارێزگای سلێمانی كردووە، زۆرینەیان لە شارەكانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق و رۆژهەڵاتی كوردستانەوە هاتوون , وەك خۆیان ئاماژەی بۆ دەكەن، خزمەت و ئارامی و دڵگیریی شارەكە، گەشتەكەیانی خۆشتر كردوە.
ئارام شوانی, وتەبێژی گەشتوگوزاری سلێمانی ڕایدەگەیەنێت: پێشتر پلانێكی هەمەلایەنەیان داناوە بۆ پێشوازیكردن لە گەشتیاران و ئاشكراشی دەكات لەماوەی 4 رۆژی رابردوودا، زیاتر لە 40 هەزار گەشتیار سەردانی پارێزگاكەیان كردوە و لەڕێگەی تیمەكانی گەشتوگوزارەوە ڕێنمایی پێویستیان بڵاوكردوەتەوە.
ساڵانە لە بۆنە و جەژنە ئاینی و نەتەوەییەكاندا، هەزاران گەشتیار لە ناوەڕاست و خوارووی عێراق و وڵاتی ئێرانەوە سەردانی هەرێمی كوردستان دەكەن, بەڵام تا ئێستا حكومەتی هەرێمی كوردستان نەیتوانیوە لە ئاستی پێویستدا بایەخ و گرنگی بە كەرتی گەشتیاری بدات و ئاستی خزمەتگوزارییەكان لە ناوچە گەشتیارییەكاندا پەرە پێبدات.