بە بەردەوامی لە ماوەی شەو و رۆژدا حکومەتی عێراقی ناوچەی سەوز بە رووی ھاووڵاتیاندا دەکاتەوە دوای ئەوەی پێشتر بەشێکی ئەو ناوچەیە و بۆ ماوەی چەند کاتژمێرێکی دیاریکراو کرایەوە.
عەمید عەمار وەلید، وتەبێژ بەناوی نووسینگەی راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی ھاتووچۆی سەربە وهزارهتی ناوخۆ، لەو بارەیەوە وتی، “ئەمڕۆ حکومەت پابەندبوو بە بەڵێنەکەی خۆیەوە و ناوچەی سەوزی بە درێژایی ٢٤ کاتژمێری رۆژانە کردەوە، دوای ئەوەی پێشتر بەشێکی ئەو ناوچەیە و بۆ ماوەیەکی دیاریکراو كرابوویهوه”.
هاوکات ناوبراو وتیشی، “ئەو رێگایانەی پێشتر کرابوونەوە چەند رێگای تریان بۆ زیاد کرا، بەوەش ئێستا دەرچەیەکی تر لە ھەردوو بەشی کەرخ و رەسافە لە بەغدای پایتەخت کراوەتەوە، ئامادەکاریش دەکرێت بۆ کردنەوەی رێگایەکی تر لە ئایندەیەکی نزیکدا کە فڕۆکەخانە و یەک لەو رێگایانەی دەچێتەوە سەر ناوچەی سەوز، لە بەشی ناوچەی قادسیەوە پێکەوە دەبەستێتەوە و لە ساڵی ١٩٧٩ەوە داخراوە”.
شایەنی باسە ناوچەی سەوز چەندین نووسینگە و دامودەزگای گرنگی لەخۆ گرتووە، کە بەشێکیان حکومی و بەشەکەی تر ناحکومین، لەگەڵ نێردە دیبلۆماسییەکان و بارەگای پەرلەمان و ئەنجوومەنی وەزیران و باڵیۆزخانەی ئەمریکا.