حكومه‌تی‌ هه‌رێم مه‌رجه‌كانی‌ هاورده‌كردنی‌ ئوتومبیل ئاشكرا ده‌كات

دوای‌ كۆبونه‌وه‌ی لیژنه‌ی‌ هاورده‌كردنی‌ ئۆتۆمبیل كه‌ له‌ نوێنه‌رانی‌ هه‌ریه‌كه‌ له‌ وه‌زاره‌تی‌ بازرگانی‌ و ناوخۆ و دارایی‌ و پلاندانان و پیشه‌سازی‌ له‌گه‌ڵ نێچیرڤان بارزانی‌ سه‌رۆكی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان كۆبونه‌وه‌ رایانگه‌یاند: تا ئێستا هیچ گۆرانكاریه‌ك به‌سه‌ر نرخی‌ تابلۆی‌ ئۆتۆمبیلدا نه‌هاتووه‌، هه‌ر كه‌سێكیش كه‌ بازرگانی‌ به‌ ئۆتۆمبیله‌وه‌ ده‌كات پێویسته‌ ئه‌و مه‌رجانه‌ی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیران جێه‌به‌جێبكات.
له‌ كۆنفڕانسێكی‌ رۆژنامه‌نوسیدا لیژنه‌ی‌ پێداچوونه‌وه‌ به‌ رێنمایه‌كانی‌ هاورده‌كردنی‌ ئۆتۆمبیل بۆ هه‌رێم راشیانگه‌یاند: تاوه‌كو ئه‌مڕۆ به‌رده‌وامن له‌سه‌ر وه‌رگرتنی‌ باج به‌رامبه‌ر به‌ تۆماركردنی‌ ئۆتۆمبیل به‌بێ ئه‌وه‌ی‌ هیچ گۆرانكاریه‌كی‌ به‌سه‌ردا هاتبێت.
 لیژنه‌كه‌ راشیانگه‌یاند: پێویسته‌ هه‌ر كه‌سێك بازرگانی‌ به‌ ئۆتۆمبیله‌وه‌ ده‌كات، پێویسته‌ له‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی‌ گشتی‌ تۆماركردنی‌ كۆمپانیاكان ناوی‌ تۆماربكرێت و دواتریش مۆڵه‌تی‌ پێده‌درێت، هه‌روه‌هاش پێویسته‌ مه‌رجه‌كانی‌ كوالێتی‌ كۆنتڕۆڵی‌ تێدا بێت، و یه‌كخستنی‌ رسوماتی‌ گومرگ، دواتر ده‌توانێت ئۆتۆمبیل هاورده‌ بكات بۆ هه‌رێم.
ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیرانی‌ هه‌رێم له‌ 15ی‌ شوباتی‌ ئه‌مساڵ بڕیاریدا به‌ دانانی‌ مه‌رج و رێنمایی‌ نوێ بۆ رێكخستنه‌وه‌ی‌ هاورده‌كردنی‌ ئۆتۆمبیل بۆ هه‌رێم، چه‌ند بڕیار و مه‌رجێكیش ناڕه‌زایی‌ به‌شێكی‌ زۆری‌ هاوڵاتی‌ هه‌رێمی‌ لێكه‌وته‌وه‌ به‌ تایبه‌تیش نرخی‌ تابلۆی‌ ئۆتۆمبیل.