وتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێم دەڵێت، پێشبینی دەكەن ئەمساڵ زیاتر لە سێ ملیۆن و ٥٠٠ هەزار گەشتیار بێنە هەرێم و بۆ ئەو مەبەستەش دەستەكەیان ئامادەكاری كردووە.
نادر رۆستی، رایگەیاند، ئەوان لە رێگای چەندین چالاكی و فێستیڤاڵی كلتوری و هونەری و ئاسانكاریكردن بۆ كۆمپانیاكانی گەشتیاری لە هەوڵی هێنانی زۆرترین گەشیاردان بۆ هەرێم.
باسی لەوەشكرد، لە رۆژانی جەژنیش وەكو بۆنەیەكی ئایینی چاوەروانی ئەوە دەكەن هاتنی گەشتیار بەراورد بەساڵی رابردوو بەرزببێتەوە.
وتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێم وتیشی، ساڵی ڕابردوو سێ ملیۆن و ٥٧ هەزار گەشتیار سەردانی شوێنە گەشتیارییەكانی هەرێمیان كردبوو بەڵام بۆ ئەمساڵ چاویان لەوەیە رێژەكە بۆ سێ ملیۆن و ٥٠٠ هەزار گەشتیار بەرزبكەنەوە. وەك ئێن ئاڕتی بڵاویكردووەتەوە.