دوای دو مانگ لە دابەزینی بەردەوام، نرخی تمەن بەرامبەر دۆلار بەرز بوەوە

دوای دو مانگ لە دابەزینی بەردەوام، نرخی تمەن لە ئێران بەرامبەر دۆلار بەرز بوەوە.

میدیاکانی ئێران بڵاویان کردوە؛ بەهای تمەن گەیشتوەتە بەرزترین ئاستی خۆی لە دو مانگی رابردودا و بەهای هەر دۆلارێک لە نزیکەی (17) هەزار تمەنەوە بۆ (13) هەزار تمەن دابەزیوە.

ئاماژە بەوەکراوە؛ ئەمڕۆ بانکەکانی تایبەت بە بڵاوکردنەوەی دراوی بیانی لە ئێران بۆ هەر دۆلارێکی ئەمەریکی (12) هەزار و (770) تمەنیان وەرگرتوە و بەهای هەر یۆرۆیەک (14) هەزار و (283) تمەن و هەر پاوەنێک بە (16) هەزار و (158) تمەن فرۆشراوە.

هەر ئەمڕۆ هەر دۆلارێک لە بازاڕەکانی ئێران بە (13) هەزار و (350) تمەن مامەڵەی پێوەدەکرێت و ئەمەش بەراورد بە دو مانگی رابردو هەرزانترین نرخە کە دراوی دۆلار بەرامبەر تمەن تۆماری کردبێت.

لەگەڵ کشانەوەی ئەمەریکا لە رێککەوتنە ئەتۆمییەکە و کاراکردنەوەی سزاکان لە لایەن واشنتۆنەوە بۆ سەر ئێران، بەهای هەر دۆلارێک لەو وڵاتە گەیشتە نزیکەی (21) هەزار تمەن، ئەوەش ئەو وڵاتەی روبەڕوی قەیرانی گەورەی داریی کردوە و بەرپرسانی حکومیی و داراییش هەوڵ و پلانی زۆریان دا بۆ ریگریی لە بەرزبونەوەی زیاتری بەهای دۆلار لە بەرامبەر تمەندا.